هەوار

picturepicture

هەوار

به‌ده‌ركه‌وتنى شوێنه‌واره‌ نیگه‌تیڤه‌كانى پێشكه‌وتنى مرۆڤ له‌بوارى پیشه‌سازیى و بیناسازیى و داهێنانى چه‌ندین مه‌كینه‌و دروستكردنى زۆرێك له‌كارگه‌و زیادبوونى له‌ راده‌به‌ده‌رى هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌، زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوان، به‌كارهێنانى بىَ سنورى پێكهاته‌كانى ژینگه‌، گوىَ نه‌دان به‌چاره‌نووسى نه‌وه‌كانى ئاینده‌، زیادبوونى زۆرى رووبه‌رى خانووبه‌ره‌، كه‌م بوونه‌وه‌ى رووبه‌رى سه‌وزایى، كشانى ئاسۆیى شاره‌كان، زیادبوونى ده‌نگ و ژاوه‌ژاوى كارگه‌و هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌، تێكئالاَنى دیمه‌نه‌ ناهۆرمۆنییه‌كان و تێكدانى هه‌ستى بینین، كه‌مى هۆشیاری ژینگه‌یى و بایه‌خ نه‌دان به‌شوێنه‌واره‌كانى پرِۆژه‌ ئه‌نجامدراوه‌كان و...هتد، هه‌موو ئه‌مانه‌ پاڵى به‌زۆرێك له‌توێژه‌رو كاربه‌ده‌ست و هاورِێیانى ژینگه‌وه‌ ناوه‌ كه‌هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ن له‌ئاست ئه‌م كێشه‌ زۆرانه‌دا، بۆیه‌ ده‌نگى نارِه‌زایى و هاوارى ترسناكیى و ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌زۆر لاوه‌ بڵندبۆته‌وه‌، بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌م خه‌مخواردنه‌ش تادێت ده‌سته‌و كۆمه‌ڵه‌و گروپ و لیژنه‌و وه‌زاره‌تى تایبه‌ت به‌ژینگه‌ له‌ولاَتان دێنه‌ ئاراوه‌، به‌جۆرێك كه‌رِۆژ نیه‌ له‌ده‌زگاكانى راگه‌یاندن یان گۆڤارو بلاَه‌كراوه‌ تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ باس له‌ پیسبوونى ژینگه‌و مه‌ترسیه‌كانى پیسبوون نه‌كرێت. ولاَتى ئێمه‌و هه‌رێمى ئێمه‌ش له‌سایه‌ى ده‌ستكردن به‌په‌ره‌پێدانى فراوان واچاوه‌رِوان ده‌كرێت له‌ماوه‌ى سالاَنى داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو گرفته‌كانى پیسبوونى تێدا ده‌ربكه‌وێت، پاش گۆرِانى به‌ره‌و ژینگه‌یه‌كى پیشه‌سازیى و پرِبوونى شاره‌كانى به‌ دانیشتووان و شه‌قامه‌كانیش به‌هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌، زیاده‌رِه‌ویى له‌به‌كارهێنانى سامانى سروشتیى، به‌كاربردنى بىَ پلانى زانستیى و ئاستێكى به‌رزى هۆشیارى ژینگه‌یى و ژینگه‌ى رۆشنبیرییدا. بۆیه‌ ئه‌ركى پاراستنى ژینگه‌و چاككردنى، ئه‌ركێكى نیشتمانى و مرۆییه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌ركێكى ناوخۆیى و جیهانییه‌، هه‌روه‌ك ئه‌ركى تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌هه‌مانكاتدا.
پسپۆرِان و كاربه‌ده‌ستانى بوارى ژینگه‌ ئه‌مرِۆ له‌جاران زیاتر ئه‌ركى هۆشیاركردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنى باس و لێكۆڵینه‌وه‌و ئه‌نجامدانى ئه‌و میكانیزمه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، كه‌ده‌توانرێت به‌هۆیانه‌وه‌ شوێنه‌واره‌كانى مادده‌ پیسكاره‌كانى ژینگه‌ نه‌هێڵن یان كه‌م بكرێنه‌وه‌. پیسبوونى ژینگه‌ ئه‌مرِۆ بۆته‌ یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى كه‌ئاسایشى گشت جیهانى خستۆته‌ به‌ر هه‌رِه‌شه‌و مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ پیسبوونى ژینگه‌ سنوره‌ سیاسى و ئیدارییه‌ ده‌ستكرده‌كان ناناسێت و پیسبوونى پێكهێنه‌ره‌كانى له‌هه‌ر شوێنێكى دنیادا، كاریگه‌رى خراپى ده‌بێت له‌سه‌ر شوێنه‌كانى تریش له‌جیهاندا. ئێمه‌ش كه‌به‌شێكین له‌م دنیایه‌و له‌سه‌ر یه‌ك خاك ده‌ژین و یه‌ك چاره‌نووس له‌گه‌ڵ ته‌واوى جیهاندا كۆمان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌ركى سه‌رشانى هه‌ر یه‌كه‌مانه‌ به‌پێى تواناو له‌سنورى زانیارییه‌كانى خۆى و پێگه‌ى به‌رپرسیارێتى خۆیدا، هه‌نگاوێك بنێت له‌رِێگه‌ى دوور و درێژى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌دا. ئه‌م سایته‌ش یه‌كێكه‌ له‌وهه‌نگاوانه‌، به‌هیواى به‌رده‌وام بوون و ئومێدى سوود گه‌یاندن به‌ژینگه‌و مرۆڤ، كه‌زیاتر له‌بیست ساڵه‌ به‌شێوازى جۆراوجۆرو له‌پێگه‌و به‌رپرسیارێتى جیاجیادا به‌شێكى به‌رچاوى ژیانم بۆ ته‌رخانكردووه‌ .