هه‌نجیر

picturepicture

هه‌نجیر

هەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی هاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە ، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت ، هەنجیر لە خێزانی تووەکانە ، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی بێ نەگات ناخورێت ، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی هەنجیر لە قورئانی پیرۆز دا ناردووە ، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگی دانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و زەیتوون.
بۆیە هەرچەندە بە دوایدا بچیت، ڕوونتر دەبێتەوە کە سوودێکی یەکجار زۆری وەک خواردنی بۆ مرۆڤ هەیە . هەنجیر لەسەرتاسەری کوردستان دا هەیە، وەک هەندێ سەرچاوە ئاماژەی پێ دەکەن نیشتیمانەکەی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەرە، هەنجیر لە هەموو وڵاتانی جیهان دا چاندراوە و باوە . بەڵام ئەو ناوچە و وڵاتانەی زستانیان فێنکە ، بە شێوەیەکی گشتی پتر گەشەی لێ دەکات چونکە ئەو شوێنانەی بەستەڵەکیان هەیە، درەختی هەنجیر تووشی وشک بوون و لەناوچوون دەکات.
هەندێ جۆری هەیە لە قەد شاخەکان گەشە دەکات ، لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە چاندراوە، هەروەها لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان بە ڕووبەری فراوان ڕوێندراوە بە تایبەتی لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا و ئەردەن و شوێنەکانی دیکە . بە درێژایی ئەو ساڵانەی دوایی خوارووی عەرەبەستانی سعوودی بڕێکی زۆری بەروبوومی هەنجیر بەرهەم دەهێنێت، دەتوانین بڵێین تێرای بازاڕەکانیان دەکات . دیارە لە کوردستانیش وەک سەرچاوەیەکی داهاتی جووتیاران سوودێکی زۆری لێ وەردەگیرێت ، توانیویانە وەک پیشەسازی کشتوکاڵ جۆرەکانی هەنجیری وشک و دروستکردن مرەبا بەکاری بهێنن لە ناو قوتووی نایلۆن بە شێوەیەکی بازرگانی زۆر جوان و خاوێن ڕەوانی بازاڕەکانی وڵاتانی دەرەوە بکرێت ، بەڵام لە باشووری کوردستان ، بەشی زۆری لە کاتی پێ گەیشتنی وەک بە تەڕی لە سنوورێکی زۆر تەسک وشک دەکرێتەوە ، وەک لەتکە هەنجیر و داوە هەنجیر و نانی هەنجیر ، لە وەرزی زستان دا دەخرێتە بازاڕەوە، هەنجیر زۆر جۆری هەیە لە ڕووی تام و ڕەنگ و کاتی پێگەیشتنی ، لەوانە زەردە هەنجیر ، ڕەشە هەنجیر ، هەنجیری مۆر، سپییە هەنجیر ، سەوزە هەنجیر ، لە ڕووی قەبارەوە نێرە هەنجیر پێش هەموو جۆرێکە.
جۆرەکانی هەنجیر لە کوردستان دا:-
(ئەرزنی ، قەرانی ، دریک ، دیم(بوکتکا) ، ریباری ، بێناتی ، شنگاریی ڕەش ، شێنک (تێک بەر) ، هێژیرا ڕەش ، تەفسک ڕەش ، رێخک ، تەفسک سپی ( دووبەر) ، شێک (دووبەر) ، شنگاری سپی ، ریحانی ڕەش ، هیژیرا دیرک یا ئاڤی ( خواردنی) ، بایە ، بەیلامالی ، وەزیری ، هەنجیرە ڕەش ، هەنجیرە کێویلکە ) و چەند جۆری دیکەش لە دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان دا هەن .
لەناوەڕاستی مانگی مایس تا مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت ، قەبارەی زۆر گەورەیە ، لە هەندێ شوێن دا پیی دەڵێن هەنجیری باینجان ، چونکە کەمێک لە باینجان دەچێت ، بەڵام بە هەنجیری ژەنگار ناوی دەرکردووە جۆرە هەنجیرەکانی دی لە دوای مانگی گەلاوێژ پێ دەگەن ، لە کوردستانی باشوور ئەو جۆرانەی بە ناوبانگن وەک هەنجیری ژەنگار ، ئاکرێ ، تەقتەق ، شەرەبۆت ، .... زۆر شوێنی دی لە سلێمانی و کەرکووک.
لەهەندێ سەرچاوەی زانستی هەندێ ناوی دیکەی هەنجیر باسکراوە وەک ئەمەریکی ، ئەزمیری ، سادە ، کێوی ، هەندێ جۆری دی هەن بە تامەکانیان ناو دەبرێن ، وەک وردە هەنجیر کە تامی زۆر خۆشە لە ڕووی بازرگانییەوە زۆر ڕەواجی هەیە . گەڵای هەنجیر لەگەڵ بەرەکەی لە کاتی لێکردنەوەی ئاوێکی لینجی سپی دەردەکات ، زۆر جار دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەستیاری لە دەستی ئەو کەسانەی هەنجیر دەڕنن ، بۆیە نابێ هەنجیر بڕندرێ تاکو بە تەواوی پێ نەگات.
پیشەسازی هەنجیر :-
لەبەرئەوەی هەڵگرتنی هەنجیر زەحمەتە ، یاخود بۆ کاتی درێژ هەڵناگیرێت ، بۆیە زۆربەی لە ڕێگای وشک کردنەوە دەبێت . هەنجیر بەتەنیا بەرەکەی ناخورێت ، بەڵکو گەڵاکەشی دەخورێت : چونکە کانزای زۆری تێدایە ، بە تایبەتی ئاسن هەروەها بڕێک پرۆتینی باشی تێدایە هەرچەندە لە لای خۆمان سوودی لێ وەرناگیرێت تەنیا لە کاتی کۆکردنەوەی بەروبوومی هەنجیر گەڵاکەی لە ژێر سندووقەکان دا و لەسەرەوەی دادەنرێت ، بۆ خاوێنی و مانەوەی شێداری لە هەنجیرەکە . چونکە گەڵاکەی چەند ڕۆژێک دوای لێکردنەوەی بە تەڕی و شێداری دەمێنێتەوە . هەنجیر میوەیەکی بەسوودە ، چونکە چەند جۆرە کانزای تێدایە ، بەشی زۆری تامێکی شیرینی هەیە ڕێژەی شەکر تێیدا دەگاتە %١٩ و وزەیەکی گەرمی زۆر باشی تێدایە ، ئەوەیە لە میوەکانی دی جودای دەکاتەوە ، ئەوەیە ڕێژەی کالسیۆم و فسفۆری تێدا زۆرە و سوودی بۆ دروست کردنی ئێسک هەیە . کە باس لە هەندێک خۆراک دەکرێت وەک شیر کە ڕێژەی کالسیۆم لەهەر ١٠٠ گرام دا ٩٠ ملگم کالسیۆمی تێدایە ، هەروەها لە پاڵ ڕێژەی کالسیۆم ، فسفۆڕیشی تێدایە ، بۆیە هەنجیر بۆ خواردن شان بە شانی شیرە لە سوودەکانی دا . ڕێژەیەکی چاکی ئاسن و مەگنسیۆم و ڤیتامین (A) و (C) و ترشەڵۆکی فۆلیک و زینگ و سۆدیۆم و ڕێژەیەکی پۆتاسیۆمی بەرزی تێدایە هەروەک لە سەرچاوەکان دا هاتووە.
ڕواندنی هەنجیر :- هەنجیر کۆنترین درەختە لە ڕووی زەمین ، درەختێکە لەگەڵ دەست پێ کردنی وەرزی سەرما گەڵاکانی دەوەرێت ، هەندێک جۆریان هەن قەبارەی دارەکانیان زۆر گەورە دەبێت چ وەک قەدێکی ئەستوور ، چ وەک کۆزکردن بەهۆی شین بوونەوەی برالەکانی ، دارێکە لە زۆر سەرچاوە زانستییەکان باسی لێوە کراوە ، لەو ناوچانەی نیمچە فێنکن ، گەشە دەکات بۆیە لەو ناوچانە پتر دڕوێنرێت . بەتایبەتی ئەو دارانەی قەبارەیان ناوەنجییە ، لە لایەن میسرییە کۆنەکان لە دێر زەمانەوە ڕوێندراوە ، لە زۆر شوێنی پەرستگا و گۆڕستانەکانیان و لەسەر دیوارەکان ، وێنەی هەنجیر کراوە . بۆیە لە زۆربەی ناوچەکانی میسر بە ڕووبەری فراوان داری هەنجیر ڕوێندراوە ، بە تایبەتی لە لێوارەکانی باکووری ڕۆژئاوا و باکووری سینا و هەندێک لە پارێزگاکانی کەناری نیل. ئەوەی پێویسە تێبینی بکرێت و لەبەرچاو بگیرێت . کەش و هەوا ، زەوی لەبار ، جۆرەکانی بازرگانی و ڕیگای ڕواندن و قەڵاچۆکردنی گژوگیا و ئاودێری و هەڵپاچین و کۆکردنەوەی بەروبوومەکان هەروەها کۆمەڵێ هۆکاری سەرکەوتنی ڕواندنی هەنجیر و چەند و چۆنی بەروبوومەکەی و نرخ و شێوەی پیشەسازی ، ئەوانەی هەموو فاکتەرن بۆ گەشە سەندنی ڕەزگەری داری هەنجیر. کەش و هەوای لەبار:-
درەختی هەنجیر بە هەندێک خەسڵەت لە ڕووەکەکانی تر جیا دەکرێتەوە ، کە لە ژێر ناوەڕاستی مام ناوەنجی گەشە دەکات ، توانای بەرگریی لە بەرز و نزمی پلەکانی گەرما تا ڕادەیەکی زۆرە ، بەڵام باشترین پلەی گەرما بۆ گەشە کردن نێوان پلەکانی (٢٩ - ٣٧)ی سەدییە لەگەڵ ئەوەی یەکەکانی پلەی ساردیی پێویست سنووردار نەکراوە بۆ چرۆکانی داری هەنجیر لە خولی متبوونی زستانە زۆرینەی جۆرەکانی هەنجیر پێویستیان بە ڕێژەیەکی بەرز هەیە ، شێی هەوا دەبێتە هۆی کەوتنە خوارەوەی بەری هەنجیر ، بەرز بوونەوەی پلەی گەرما زۆر کاردانەوەی لەسەر دار هەنجیر هەیە بۆیە وا چاکە لەو شوێنانەی زۆر گەرمن ، لقەکانی داری هەنجیر بە ماددەی گەچ سواخ بدرێت تا تووشی سوتانەوەی قەدەکان نەبێت ، سروشتی هەنجیر بە شێوەیەکی زۆر ئاو بزر دەکات ، لە هەندێک کاتی بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی دا ئاوی هەڵچوو بەوە ڕاناگات کە گەڵاو قەدەکانی هەنجیر بزری دەکەن ، بە تایبەتی بای لەگەڵ دا بێت.
زەویی لەبار:- درەختی هەنجیر لە زۆرینەی پێکهاتەکانی جۆرەکانی زەوی گەشە دەکات . بەرووبوومی هەنجیر لەو زەوییانەی زیخاوین قەبارەیان گەورە دەبێت و زۆر لایەنی پێکهاتەی باشی لێ بەدەست دێت . بەڵام تەمەنی دارەکان درێژ نابن و تووشی نەخۆشی و لاواز بوون دێن بە هۆی نەخۆشی نیماتۆداوە ، هەروەها لەو زەوییانەی گڵەسوورن ، بە مەرجێ ئاو لەناو زەوییەکە نەمێنێتەوە زیاتر شین دەبن.
جۆرەکانی بازرگانی:- هە نجیر ، لەو وڵاتانەی لێیان ڕوێندراوە بۆ چەند کۆمەڵەی سەرەکی دابەش دەبن ، وەک:-
هەنجیری ڕەمەکی:-
ئەو جۆرە هەنجیرانە بەردەگرن بێ ئەوەی پێویستیان بە چاکردن هەبێت ، ئەو جۆرە هەنجیرە زۆر کۆمەڵە لە خۆ دەگرێت ، ئەو کۆمەڵە دوو جار لە ساڵێک دا بەر دەگرێت ، جارێکیان پێی دەڵێن بەری سەرەتا ، دووەمیان پێی دەڵێن بەری سەرەکی ، هەروەها دوو جۆریان بێ ئەوەی گوڵ بکات گرێلە دروست دەکەن پاشان دەبنە هنجیر ، هەندێک لەو گرێلانە فڕێ دەدات بەڵام بەشی زۆری پێ دەگات و دەبێتە هەنجیر. زۆرینەی ئەو جۆرانە بە تەڕێ دەخورێن ، بەڵام هەندێکیان لەتکە هەنجیر و مرەبا و نانە هەنجیرییان لێ دروست دەکرێت . تام و بۆیان زۆر خۆشە بە تایبەتی لە وەرزی سەرما دا وزەیەکی چاک بە مرۆڤ دەبەخشێت. هەنجیری ئەزمیری :- ئەو جۆرە هەنجیرە لە زۆر شوێندا بە ناوبانگە ، بەشی هەرە زۆری بەروبوومی ئەو جۆرە وشک دەکرێتەوە ، بەڵام جیاوازیی ئەو جۆرە لەوەدایە کە بێ چاک کردنی دەنکە هەڵاڵەکانی بەر ناگرێت ، کە لەو جۆرە دارە چاککراوانە پەیدا دەبن. ڕ- کۆمەڵەی هەنجیری کێویلە.
ب- هەنجیری کێوی. دارەکانی گوڵی نێر دەگرن، دەنکە هەڵاڵە بەرهەم دەهێنن ، بە هۆی مێروولەی (بلاستۆفاجا)دەگوازرێتەوە بۆ گوڵە مێینەکانی داری هەنجیری ئەزمیری ، چاک بوونەکەی ، بە شێوەی تری دەنکە هەڵاڵەکانی گوڵە نێرینە دەبێت ، کە لە ناو سەبەتە دادەنرێت ، پاشان مێروولەی (بلاستۆفاجا) لەسەریان دەنیشێت و دەیانبات بۆ سەرگوڵە مێیینەکانی دارەکە، بەهەمان شێوە چاک دەبێت و دەبێتە هەنجیری گریلە ، لە زۆر وڵاتان هەوڵ دراوە ئەو جۆرە دارە زۆربکرێت و بڕوێندرێ بەڵام سەرکەوتنی چاکی بەدەست نەهێناوە ، هۆکارەکەشی بۆ لێ ڕانەهاتنی مێرووی (بلاستۆفاجا) یە ، کە ناژیت. بەڵام دەکرێت کۆلێژەکانی کشتوکاڵ لە کوردستان دا ئەو ئەرکە بخەنە ئەستۆی خۆیان ، چونکە ناوچەکانی کوردستانی باکوور هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ باشووردا نییە. ڕێگاکانی ڕواندنی هەنجیر:-
زۆر ڕێگا هەن بۆ دروستکردنی رەزی هەنجیر لەو شوێنانەی ئاودانیان هەمیشەییە. ئەو ڕەزانەی ئاسایین کە لە هەمان شێوەن ، نێوان دارێک لەگەڵ دارێکی تر (٤م X ٤م) دەبێت، قەبارەی ئەو دارانە گەورەن لەهەر لایەکی لق و پۆپ بڵاوە دەکات ، ئەوەیان شێوە زانستییەکەیەتی ، بەڵام ڕواندنی چڕ و پڕ هەیە، نزیکی ڕواندنی دارەکان لە یەکتر ( ٢م X ٢م) دەبێت ، ئەوەش بۆ ئەوەیە قەبارەی بەژن و باڵای دارەکان بە بچووکی بمینێتەوە. هەروەها شێوەی تریش هەیە ، پێی دەڵێن رەمەکی ، ئەو جۆرە شێوازێکی دیاری نییە ، بەڵکو دارەکان هێندە نزیکن تێک ئاڵاون ، بۆ ئەو جۆرە ڕەزانە زۆر ئاستەنگی دێتە پێش ، چ لە کاتی ئاودان یان بژارکردن یان کۆکردنەوەی بەروبوومەکەی . هەروەها ناتوانرێت قەڵاچۆی نەخۆشییەکانی بکەیت. ئەو شێوەیە لە دێر زەمانەوە وەک ڕێگایەک بۆ چەند ساڵێک بەروبوومەکەی هەبووە، پاشان دارەکان نەخۆش دەکەون تا ئێستاش ئەو جۆرە ڕەزانە لە کوردستان دا هەن.
پەینکردنی ڕەزی هەنجیر:- پێویستە ئەوەی ڕەزی هەنجیری هەیە ، بە تەواوەتی ڕێنمایی زانستی لەبەرچاو بگرێت ، چونکە ئەگەر پێدانی پەینی پێویست و ئەو ڕێژانەی دایری دەکرێت بە پێی پێویسی نەبێت ، بۆ ئەو زەوییەی ڕەزی هەنجیری لێ کراوە ، کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە. چونکە پەینیی ئاژەڵ یان پەینیی کیمیایی ، ڕادەکەی ئەگەر بە شێوەیەکی پێویست نبێت ، کار دەکاتە سەر ڕێک و پێکی بەرووبووم و سەوزبوونی درەخت، بەرنامەی پەیین کردنی داری هەنجیر ( ١٥ – ٢٥ ) مەتر سێجا دەبێت بۆ هەر دۆنمێک ، هەروەها هەمان ڕێژە بۆ جۆرەکانی دیکەش ، پەینیی سۆپەرفۆسفات لەگەڵ یەک مەتر سێجا تێکەڵاو دەکرێت لە وەرزی زستان دا دەدرێتە دار هەنجیر راکو بەروبوومەکەی چاک و زۆر بێت. هەروەها پێویستە پەینیی کانزایی بە ڕێژەی (٨٠ ١٠٠گم) ئازۆتی خاوێن بۆ هەر درەختێک ، بۆ یەک جار لە وەرزی بەهار لە مانگی ئادار و گوڵان دەدرێتە دارەکان، دوایی لەگەڵ گڵەکە تێکەڵاو دەکرێت ، بەڵام پۆتاسیۆم بۆ هەر فەدانێک بە ڕێژەی ٥٠ – ٧٥ گم دەدرێتە ڕەزی هەنجیر.
هەڵپاچینی هەنجیر:-
لە ڕاستیدا هەنجیر هەلپاچینی ناوێت ، پەروەردەکردنی وەک جۆرەکانی دیکەی میوە نییە تەنیا دوو ڕێگاش هەیە بۆ پەروەردەکردنی هەنجیر:-
١- ڕێگای کراوە:-
ئەو ڕیگایە یە کە پەروەردەی هەنجیری پێ دەکرێت ، کە نێوان دارەکان کراوەبن ، ئەگەر دارەکان بە تەنکی ڕوێندرابوون واتا دارەکان کەمێک لێک دوور بوون.
٢-ڕێگای ساڵانە:-
زۆر ڕێگا بەکارهاتوون بۆ هەڵپاچینی داری هەنجیر ، بەڵام هەر وڵاتێک شێوەی خۆی هەیە ، هەروەها هر جۆرێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە ، بۆ کردارەکانی هەڵپاچین وا باو بووە ڕەزی کۆن هەڵپاچینی لە زستان دا بۆ نەدەکرا. بەڵام ئێستا ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو لقانەی تەمەنیان لە ساڵێک پتر نییە لە وەرزی زستان وا چاکە هەڵبپاچرێن ، هەروەها بە چاکی دەزانن کە هەڵپاچینی کورت پەیڕەو بکرێت ، واتا چۆن هەڵپاچینی دیکەی ساڵانە دەکرێت ، بە هەمان شێوە بکرێت ، تەنیا هەنجیر جیاوازییەکی لەوەدایە ، لقە بچووکەکان هەڵپاچینی بۆ دەکرێت تا بەروبوومێکی چاک و زۆر بدات.

کۆ کردنەوەی بەروبوومی هەنجیر :-
هەنجیر جیاوازیی هەیە لەگەڵ زۆربەی میوەکانی دیکە دا ، کە بە درێژایی وەرزی بەرگرتن ، بەرەکەی پێ دەگات ، دەکرێت بەرەکەی کۆ بکرێتەوە . چونکە بەری هەنجیر زوو تێک دەچێت ، ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەبێت . تەنیا ئەو جۆرانە نەبێت کە دەکرێت بڵێین نوێن . کە بەرەکەیان بۆ ووشک بوونەوە بەکاردێت ، کاتی پێگەیشتنی بەرەکەی دیاری دەکرێت ، چەند پێوانەیەکی تایبەتی هەیە ، وەک گەیشتنی بە قەبارەی تەواو ، ڕەنگی توێکڵەکەی دەرەوەی ، شل بوونی بەرەکە، لەبەر ئەوە دەبێت هەر دوو رۆژ جارێک بەرەکەی کۆ بکرێتەوە و بخرێتە ناو سندووقی تایبەت چونکە پلەکانی گەرما ناگەنە ئاستی پێویست یاخود بەسەر دەچێت. بەروبوومی هەنجیر جیاوازییەکەی بۆ باری ژینگە و چاودێری و جۆر و خەسڵەتی ئاخ و گڵەکە و ڕێگاکانی پەروەردە بەگشتی دەگرێتەوە، ڕەزی هەنجیر لەهەر فەدانێک بەگشتی ئەو بەروبوومەی ساڵانە دەیدات لە نێوان ( ٢ – ٧) تەن دەبێت.

سەرکەوتنی هەنجیر ، هۆکارەکانی بەرگرتن:-
١- سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەنجیر بەستراوە بە تەواوبوونی گەشەسەندنی دارەکە ، کە بەرەکە هەر دەمێنێت تاکو گەڵاکانی لە کۆتایی پاییز دا بە شینی دەوەرن.
٢- داری هەنجیر لە هەموو ناوچەیەک سەرکەوتوو نابێت ، ئەوەش بەستراوەتەوە بە جۆرەکانی کە هەندێکیان لە هەندێک کەش و هەواو جۆری ئاخ و گڵ ، دەڕوێن . مامەڵەی ڕەزی هنجیریش بە هەندێک هاندەر بکرێت ، تاکو خەسڵەتەکانی بگۆڕدرێت وەک هاندەری جبرالین.
٣- تووش بوونی لق و پۆپ بە مێرووی هەنجیر یان نەخۆشی ، کە تووشی گەڵاکان دەبێت ، ئەمەش دەبێتە هۆی وەرینی گەڵاکان.
٤- بۆ سەرکەوتنی بەری هەنجیر ، نابێت هەنجیر بێ ئاو بکرێت واتا لە وەرزی بەرگرتن پێویستە ئاوێکی تێر و تەسەلی بدرێتێ ، بەتایبەت ئەو ڕەزانەی نەزۆکن واتا فێری ئاودان کراون بە تایبەت لە ناوچانەی کە بە باران ئاو دەدرێن .
٥- پێویست دەکات ئەو شوێنانەی هەنجیریان لێ دەڕوێندرێت ، پلەکانی گەرما بە شێوەیەک بێت ، کە بەری هجیر بێ بگەیەنێت . هەروەها گەشەسەندنی درەخت بە درێژایی وەرزی بەرگرتن تا کۆتایی پاییز ، وا لەبار بێت بەرەکەی بە چاکی پێ بگات، بە تایبەتی لە شەوانی ساردی پاییز دا.

پێکهاتەی هەنجیر:-
بەری هەنجیر وەک لە سەرەتا دا باسمان کرد میوەیەکی خۆشە و پێکهاتەی بەرەکەی بە ڕێژەی زۆری ئاوێتەی زۆری تێدایە، وەک کاربۆهیدرات و ئاوێتەی کالسێۆم کە سوودێکی گەورەی هەیە بۆ دروستکردنی ئێسک لە لەش دا هەروەها ئاوێتەی ئاسن کە ڕاستەوخۆ ، خوێن پێک دەهێنێت.

زۆر ڕێگا هەن بۆ زۆر کرنی هەنجیر وەک:-
١- بە تۆو:-
دوای ئەوەی ئەو جۆرانەی کە مەبەستە زۆر بکرێن بە پێی پێویست ، کۆ دەکرێتەوە بە مەرجێک پێگەیشتبن ، پاشان وشک دەکرێنەوە ئینجا تۆووەکەی جیا دەکرێتەوە و دەخرێتە ناو خۆڵەمێش یاخود ناو هەندێک ماددە کە دەیپارێزێت ، دواتر تێکەڵاو دەکرێت و لە شوێنی بێ شێ هەڵدەگیرێت ، تاکو سەرەتای مانگی ڕەشەمێ لەناو سندووق یان لەناو دووکان دا دەچێنرێت بە مەرجێک زۆری پێکهاتەی گڵەکەی زیخ بێت و ناوە ناوەش بە ڕشاندنی زۆر ورد ئاو بدرێت تاکو چەکەرە دەکات. لە تەمەنی یەک ساڵی دا دگوازرێتەوە بۆ شوێنی هەمیشەیی.
٢- بە نواندن:-
ئەو ڕێگایەش بە نواندنی ئەو برالانە دەبێت ، کە قەدەکانیان شلە لە تەک درەختی دایک ، لەسەرەتای وەرزی بەهار و ساڵی یەکەم دا، دەخرێتە ژێر زەوی تا کۆتایی وەرزی زستانی ساڵی دووەم کۆمەڵێ ڕەغ و ڕیشە درووست دەکات ، پاشان لە درەختی دایکانە جیا دەکرێتەوە لە شوێنی هەمیشەیی دا دەڕوێنرێت ، دەکرێت لە سەرەتای پایزی ساڵی یەکەم دا لە درەختی دیکانە نیوە بڕ بکرێت ، تاکو پتر ڕەغ دروست باکت، بەڵام یەگەر هەندێک زەوییەکە بێ ئاو بوو ووشک دەبێت بۆیە وا چاکە ساڵی دوایی ببڕدرێت و جیا بکرێتەوە.
٣- پەل:- ڕێگای پەل ئاسانترین ڕێگایە بەتایبەتی لە لق و پۆپانەی کە سەوز بوون ، بەڵام تەمەنی لە ساڵێک گەورەتر نەبێت ڕێژەی سەرکەوتنی لەناو سندووق %٩٩ دەبێت، بە مەرجێک ڕێژەی (زیخ) ١٠/٨ بێت لە شوێنی نیمچە سێبەر بێت، هەروەها بێ ئاو نەکرێت ، پاشان نابێت پەلەکان (١٥سم) درێژتر بێت تەنیا یەک چرۆ لەسەر ڕووی ڕواندنەکە بێت. بەڵام بۆ ڕواندنی لە ناو زەوی دا ، دەکرێت تا (٣٠سم) درێژ بێت ، وا چاکترە ئەگەر بڕینی پەلەکە لە ژێر گرێ بێت ، ڕاست ببڕدرێت ، ئەگەر بڕینەکە لەسەرەوەی گرێ بوو دەبێ لانیو ببڕدرێت.

به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵێكی‌ سایتی‌ (ماشی‌) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی‌ نوێی‌ پزیشكی‌ ده‌ریخستووه‌، هه‌نجیر ڕیشاڵی‌ (بیكیتین)ی‌ تێدایه‌، كه‌ سودی‌ بۆ كۆ ئه‌ندامی‌ هه‌رس هه‌یه‌، هاوكات یارمه‌تیده‌ریشه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ كۆڵستڕۆڵی‌ زیان به‌خشی‌ له‌شی‌ مرۆڤ ‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ په‌ستانی‌ خوێن له‌یه‌ك كاتدا، ئه‌گه‌ر هه‌نجیر زۆر بخۆرێت ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ په‌ستانی‌ خوێن‌و دابه‌زاندنی‌ سۆدیۆم‌و پۆتاسیۆم له‌له‌شدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌نجیر له‌پێكهاته‌كه‌یدا بڕێكی‌ زۆر سۆدیۆم‌و پۆتاسیۆم هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ پارێزگاریكردنی‌ په‌ستانی‌ خوێن به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دووچاریان ده‌بێت.
هه‌ر له‌لێكۆڵینه‌وه‌ نوێیه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌نجیری‌ وشككراوه‌، بڕێكی‌ زۆر له‌ترشه‌ چه‌ورییه‌كانی‌ (ئۆمیگا 3 ئۆمیگا 6)ی‌ تێدایه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ پارێزگاریكردن توشبوون به‌نه‌خۆشییه‌كانی‌ دڵ.‬ .

نووسینی
ره وا .

.