به‌بیابانبون هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاینده‌ى عێراق‌و هه‌رێم ده‌کات

picturepicture

به‌بیابانبون هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاینده‌ى عێراق‌و هه‌رێم ده‌کات

چاوه‌ڕوانده‌کرێت به‌هۆکاری مرۆیی‌و سروشتی روبه‌رێکی فراوانی زه‌وی له‌عێراق ببێت به‌بیابان ئه‌وه‌ش ترسی ده‌رئه‌نجامى خراپی ئابوریى‌و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.زه‌ویناس: کاروان محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د هۆکاره‌ سروشتی‌و مرۆییه‌کان له‌عێراق‌و هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌گیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى روبه‌رێکی فراوانی زه‌وی ببێت به‌بیابان که‌ سه‌ره‌تاکانی له‌ئێستا ده‌رکه‌وتون، خستنه‌ڕوی ئه‌م بابه‌ته‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌ بیابانبون.له‌ساڵی 1994 نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان 17/6ى دیاریکرد وه‌کو رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌بیابان بون، دوای هه‌ستکردن به‌و مه‌ترسیه‌ له‌چه‌ند وڵاتێکی جیهان به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو کیشوه‌ری ئه‌فریقاو ئاسیا.دابه‌زینی ئاستی ئاوى هه‌ردوو روبارى دیجله‌و فورات هه‌روه‌ها که‌مبارانى له‌گه‌ڵ چه‌ند هۆکارێکی مرۆیی له‌وانه‌ش پشتگوێ خستنی زه‌ویه‌ کشتوکاڵیه‌کان که‌ ده‌بێته‌ هۆی که‌مبونه‌وه‌ى رێژه‌ى خوێ تیایاندا له‌گه‌ڵ بڕینه‌وه‌ى دارستانه‌کانى کوردستان (باکورى عێراق) به‌شێکی تری هۆکاره‌کانی به‌بیابان بونه‌.دیارده‌ى به‌بیابان بون به‌پێی رێککه‌وتننامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانى ساڵی 1994 بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌بیابان بون، به‌بیابان بون بریتیه‌ له‌«هاتنه‌ خواره‌وه‌و که‌مبونه‌وه‌ى به‌پیتی خاک له‌ناوچه‌ روته‌ن و نیمچه‌ روته‌ن و له‌ناوچه‌ وشک و نیمچه‌ شێداره‌کاندا، ئه‌مه‌ش دروست ده‌بێت له‌ئه‌نجامى چه‌ند هۆکارێکی جیاوازه‌وه‌ وه‌کو گۆڕانکارى که‌شوهه‌وا و‌ چالاکیه‌ مرۆییه‌کان «ئه‌م پێناسه‌یه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌رگاى گفتوگۆى داخستوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌وپێش بردنى ئه‌م چه‌مکه‌دا چونکه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌بیابان بون تاڕاده‌یه‌ک تازه‌یه‌ به‌وه‌ى که‌ به‌ر له‌ 50 ساڵ پێش ئێستا یه‌که‌م ده‌قی زانستی ده‌رکه‌وتووه‌ له‌ژێر ئه‌م ناوه‌دا، و‌ یه‌که‌م نه‌خشه‌ی به‌بیابان بون له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ساڵی 1977 کێشراوه‌ که‌ هاوکات بوه‌ له‌گه‌ڵ گرێدانى کۆنگره‌ى به‌بیابان بون سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان له‌کینیا.ئه‌م دیارده‌یه‌ زۆر دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ هۆی قڕکردنى زینده‌وه‌ران، دواتر به‌درێژی باسی کاریگه‌رى و مه‌ترسیه‌کانى به‌ بیابان بوون ده‌که‌ین، هه‌ر ئه‌م مه‌ترسیانه‌شه‌ واى کردوه‌ که‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌تی دنیا ده‌کۆشن له‌پێناو به‌رگرتن له‌فراوان بونیداو‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانیش له‌پێناو به‌ره‌نگابونه‌وه‌ى به‌بیابان بوندا چه‌ندین کۆنگره‌ى به‌ستوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌کو میلله‌تى کورد له‌کوردستاندا زیاتر له‌خه‌می ژینگه‌ى وڵاته‌که‌ى خۆماندا بین و دارستان و روپۆشی سه‌وزایی وڵاته‌که‌مان بپارێزین و زیاتر بره‌و به‌کشتوکاڵ و ئاودێریه‌کی دروست بده‌ین. ئه‌وه‌ى زیاتر مه‌ترسیه‌که‌ قوڵتر ده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ساڵ‌ له‌دواى ساڵ‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ره‌و زیاد بوون ده‌ڕوات و روبه‌رێکی زیاترى زه‌وى ده‌بێت به‌ بیابان.هیچ شوێنێک نیه‌ له‌جیهاندا که‌ له‌م دیارده‌یه‌ رزگارى ببێت مه‌گه‌ر جه‌مسه‌ری باشور، و ئه‌م گرفته‌ به‌تایبه‌ت له‌ئه‌فریقادا زۆره‌ به‌وه‌ى که‌ 37% ى ناوچه‌ روته‌نه‌کانى جیهان پێکده‌هێنێت‌و نزیکه‌ى 66%ى زه‌وییه‌کانى ئه‌فریقا ئه‌ژمار ده‌کرێت به‌بیابان‌و ناوچه‌ وشکه‌کان، هه‌روه‌ها کاریگه‌رییه‌کی توندی به‌بیابان بون هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسیا به‌وه‌ى که‌ 33%ى زه‌وییه‌ روته‌نه‌کانى جیهان پێکده‌هێنێت، عێراقیش یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ى روبه‌ڕوى ئه‌م دیارده‌یه‌ بوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی چه‌ندین هۆکارى سروشتى و مرۆییه‌وه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ نزیکه‌ى نیوه‌ى روبه‌رى عێراق بیابانه‌، کاریگه‌رى ئه‌م به‌ بیابان بونه‌ش به‌ڕونى له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دیاره‌ ئه‌وه‌تا ساڵانه‌ چه‌ندین جار شه‌پۆلی خۆڵ بارین روو له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌کات. حاڵه‌ته‌کانى به‌بیابان بون چوار حاڵه‌ت دیارى کراوه‌ بۆ به‌ بیابان بون که‌ ئه‌وانیش بریتین له‌مانه‌:1- به‌ بیابان بونى زۆر توند که‌ ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی زه‌وى بۆ دۆخێکی ته‌واو بێ به‌رهه‌م2- به‌بیابان بونى توندو بڵاوبونه‌وه‌ى روه‌کی نه‌خوازراو تیایداو دابه‌زینی به‌رهه‌می روه‌کی تا سنورى 50% 3- به‌ بیابان بونى مام ناوه‌ند که‌ به‌رهه‌می روەکی تیایدا داده‌به‌زێت تا ئاستی 25%. 4- به‌ بیابان بونى که‌م که‌ خراپ بونێکی که‌می روپۆشی سه‌وزایی‌و خاک ده‌گرێته‌وه.‌هۆکاره‌کانى به‌ بیابان بون زانایان‌و شاره‌زایان به‌بیابان بون ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هۆکارى سروشتی‌و مرۆیی:1- هۆکاره‌ سروشتیه‌کان* که‌مبارانى بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ‌و دروستبونى وشکه‌ ساڵی* که‌مبونی روپۆشی سه‌وزایی * روتانه‌وه‌ى خاک به‌هۆی باو لافاوه‌وه‌* دوباره‌بونه‌وه‌ی دیارده‌ى وشکه‌ساڵی* به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمی2- هۆکاره‌ مرۆییه‌کان* زیادبونى ژماره‌ى دانیشتوان‌و کاریگه‌رى له‌سه‌ر ژینگه‌* که‌مبونه‌وه‌ى روپۆشی سه‌وزایی به‌هۆى له‌وه‌ڕاندى سته‌مکارانه‌و سوتاندنی پوش‌و پاوانه‌کان. * زیاده‌ڕه‌ویکردن له‌به‌کارهێنانى زه‌ویداو شیبونه‌وه‌ى خاکه‌که‌ى. * زیاده‌ڕه‌وى کردن له‌بڕینه‌وه‌ى دره‌خته‌کانداو نه‌هێشتنى جه‌نگه‌ڵه‌کان. * خراپ به‌ڕیوه‌بردنى سه‌رچاوه‌کانى ئاو و فراوان بونى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌. * هه‌ژاریى‌و زیادبونى کۆچکردن. * به‌کارهێنانى شێوازى نادروست بۆ کشتوکاڵکردن. ده‌رئه‌نجامه‌کانى به‌ بیابان بون دیارده‌ى به‌ بیابان بون چه‌ندین ده‌رئه‌نجامى مه‌ترسیدارى ژینگه‌یی‌و ئابوریى‌و کۆمه‌ڵایه‌تى لێده‌که‌وێته‌وه‌ ئێمه‌ له‌خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێک له‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ ده‌که‌ین1- ده‌ره‌نجامى ژینگه‌یی* که‌مبونه‌وه‌ى روه‌که‌کان‌و زینده‌وه‌ران (هه‌ندێک له‌خێزانى روه‌که‌کان‌و زینده‌وه‌ران له‌ناوچون) * که‌مبونه‌وه‌ى خاک‌و له‌وه‌ڕگه‌و زه‌وى کشتوکاڵی. * که‌مبونه‌وه‌ى سامانى ئاو و دابه‌زینی کواڵیتیه‌که‌ى به‌تایبه‌ت زیادبونى رێژه‌ى خوێ تیایدا.2- ده‌ره‌نجامى ئابورى* به‌بیابان بونى زه‌وییه‌کان ده‌بێته‌هۆی که‌مبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى خۆراک* که‌مبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنان* که‌مبونه‌وه‌ى هه‌لى کار* که‌مبونه‌وه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى پیشه‌سازى که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵیه‌کانه‌وه‌* دابه‌زینی ئاستی بژێوی تاک3- ده‌رئه‌نجامى کۆ‌مه‌ڵایه‌تى* زیادبوونى هه‌ژارى* کۆچکردن له‌لادێکانەوە‌ بۆ شاره‌کان‌و دروستبونى چه‌ندین کێشه‌ به‌هۆى زیادبونى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه‌و به‌رزبونه‌وه‌ى رێژه‌ى تاوان به‌بیابان بون له‌عێراقدا ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌عێراقدا به‌خێرایی هه‌نگاو ده‌نێت به‌شێوه‌یه‌ک که‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێت 50%ى زه‌ویه‌ کشتوکاڵیه‌کان رێژه‌ى خوێ تیایاندا زۆر به‌رزبۆ‌ته‌وه‌ به‌هۆی فه‌رامۆشکردنی که‌رتى کشتوکاڵ‌و ئاودێری بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ وشکبونى زیاتر 20000 کم2 له‌هۆرو زۆنگاوه‌کانى عێراق که‌ ده‌کاته‌ 90% ى روبه‌ره‌که‌ى که‌ زانراوه‌ هۆره‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندن به‌سه‌رچاوه‌ى روه‌کى‌و کشتوکاڵى‌و ئاژه‌ڵی‌و ماسی سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ پارێزگارى له‌هاوسه‌نگى ژینگه‌یی ده‌کات.هه‌روه‌ها 822000 هێکتار له‌ڕوبه‌رى عێراق به‌ بیابان بوه‌ به‌هۆی چه‌ندین هۆکارى سروشتی‌و مرۆییه‌وه‌ وه‌کو دابه‌زینی ئاستی ئاوى هه‌ردوو روبارى دیجله‌و فورات هه‌روه‌ها که‌مبارانى‌و بڕینه‌وه‌ى دارستانه‌کانى کوردستان (باکورى عێراق) به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌مه‌کی هاوکات له‌گه‌ڵ سوتانى هه‌زاران دێهاتى کوردستان به‌ده‌ستی رژێمی پێشوى عێراق هه‌روه‌ها که‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى دارخورماکان له30 ملیۆنه‌وه‌ بۆ 12 ملیۆن به‌هۆی جه‌نگ‌و که‌مئاویی‌و نه‌خۆشیه‌ کشتوکاڵیه‌کان‌و فه‌رامۆشکردنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ هاوبه‌شیان کردوه‌ له‌به‌رزبونه‌وه‌ى ئاستی خۆڵبارین‌و دروستبونى ته‌پۆڵکه‌ى لمین سه‌رئه‌نجام کێشه‌ى به‌بیابان بون گه‌شه‌ی کردوه‌ به‌شێوه‌یه‌کى زۆر مه‌ترسیدار سه‌ربارى کاریگه‌ریه‌کانى بۆ سه‌ر مرۆڤ بوه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر زیاتر له‌ 600 جۆر له‌باڵنده‌و وشکاوه‌کی‌و مه‌مکداره‌کان‌و خشۆکه‌کان به‌م جۆره‌ عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى جۆراوجۆری بایلۆجی زیاتر له‌هه‌ر کاتێکی تر.به‌ره‌نگارببونه‌وه‌ى به‌بیابان بون له‌دیسێمبه‌رى ساڵی 1994 نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان 17/6ى دیاریکرد وه‌کو رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌بیابان بون. بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌ ترسناکه‌ ده‌بێت پلان‌و ستراتیژی رون دابنرێت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی‌و ناوچه‌یی‌و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر له‌گه‌شه‌سه‌ندنی به‌بیابان بون بگیرێت‌و ئه‌و زه‌وییانه‌شی توشی به‌بیابان بون بون چاکبکرێنه‌وه‌و به‌پیتی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆیان. هه‌روه‌ها ده‌بێت روانینێکی دور مه‌وداو به‌ڕێوه‌بردنێکی ژیرانه‌مان هه‌بێت بۆ سه‌رچاوه‌ ژینگه‌ییه‌ سروشتیه‌کان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کان.هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى به‌بیابان بون به‌رپرسیاریه‌تیه‌کى جیهانیه‌ له‌کۆتاییدا ئاماژه‌ به‌چوار خاڵ ده‌که‌ین بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌:1- پارێزگاریکردن له‌سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌کان (خاک، ئاو، روپۆشی سه‌وزایی، سامانى ئاژه‌ڵی).2- ئاماده‌کارى بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى وشکه‌ساڵی3- سنورێک بۆ کاریگه‌رى هۆکاره‌کانى روتانه‌وه‌ى زه‌وى 4- گه‌شه‌سه‌ندنی هێزى مرۆیی‌و زیادبونى تواناى زانستی‌و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستی هۆشیاری ژینگه‌یی .

نووسینی
ره نجي فانوس .

.