موتوربە

picturepicture

موتوربە

یەکێکە لە ڕێگاکانی سەوزە زۆربوونی ڕووەك ، کە بریتییە لە دانانی لقێکی یەك ساڵەیی کورت کە چەند گۆپکەیەکی هەبێت ، لەسەر بەشێکی دی ( قەد بێت یان ڕەگ) ی درەختێکی دیکە. بە بەشی یەکەم دەگوترێت موتوربە،بە بەشی دووەمیش دەگوترێت بنەڕەت، بە مەرجێ شانەکانی موتوربە لەسەر بنەڕەت پەیوەند بێت و ببێتە بەشێك لە بنەڕەتەکە. زۆربەی کات درێژی موتوربە ( ٥ – ١٠) سم دەبێت ، بەڵام بە پێی جۆری پێوەند کردنەکە دەگۆڕێت ، جار هەیە پێویستمان بە لقی زۆر درێژ دەبێت وەك لە قەڵە موتوربەی پرد ، ئەم ڕێگایە زیاتر بۆ درەختی بەتەمەن وەكو پۆلە کێوییەکان و پۆلە خراپەکانی نێو ماڵان دەبێت، لە نەمامگەکانیش دا ، هێندە باو نییە . پێشی دەگوترێت موتوربەی قەڵەم یان پەل ، چونکە قەڵەمێکی چەند گۆپکەیی لەسەر درەختە بنەڕەتەکە دادەنێین.

چۆنیەتی و کاتی وەرگرتنی قەڵەم

لەدوای گەڵا هەڵوەرین (کۆتایی پایز و سەرەتای زستان) قەڵەم لە ڕووەکی چاك و زۆر بەرهەم وەردەگیرێت ، تەمەنیان لە ساڵێك زیاتر و لە کۆتایی لقەکان بێت ، بە مەرجێك چەند گۆپکەیەکی پێوەبێت . ئەو لقانە بە مقەستی تایبەت بەو کارە دەبڕین و دەیانکەینە چەپکی (٥٠) دانەیی ، ئینجا بە پەت دەیانبەستین بە یەکەوە ، هەڵیان دەگرین تا کاتی موتوربەکردن کە لە ناوەڕاست و کۆتایی زستان دا دەبێت ، واتە لەوکاتەی گۆپکەی قەڵەمەکان لە حاڵەتی متبوون دان و ئاوگی بنەڕەتەکە لە حاڵەتی جوڵەدابێت.

ئامڕازی پێویست بۆ قەڵەمە موتوربە

١- چەقۆی دەم تیژ و خاوێن. ٢- مەقەستی دەم تیژ. ٣- پەتی ڕافیا ، ئەو پەتە تایبەتە بەوەی چەندە شێدار بێت ئەوەندە پتەوتر دەبێت. ٤- چەکوچ و بزمار، بەتایبەتی بزماری ورد ، هەندێ جاریش کەتەریشمان دەوێت. ٥- شەمێ ، بۆ سواخدانی شوێنە پێکەوە بەستراوەکە تاوەکو هەوا نەکێشێ. - گرنگی قەڵەمە موتوربە:- ١- بۆ بەرهەم هێنانی نەمامێکی زۆر لە پۆلێکی دیاری کراو دا ، چونکە قەڵەمەکە هەموو سیفەتێکی دایکەکەی دەپارێزێت. ٢- بۆ زۆرکردنی پۆلێکی پەسەند لەسەر بنەڕەتێکی بەرهەڵستکار بۆ بارودۆخێکی نالەباری کەش و هەوا یان خاك یان نەخۆشی ، وەك موتوربەی خۆخ لەسەر باوی (بادەم) لە ناوچەی دێمی دا ، یان ترێی ئاسیا لەسەر ترێی ئەمەریکا کە بەرهەڵستی مێرووی فلۆکسرا دەکات. ٣- لەکاتێك دا بمانەوێت هێزی گەشە و قەبارەی تاج و سەرەتای بەرگرتن ڕێك بەخەین ، بەهۆی بە قەڵەمە موتوربە لەسەر بنەڕەتێکی بەهێز . ٤- لە کاتێك دا بمانەوێت ناوەڕۆکی چاندنگە چاك بکەین ، ئەویش قەڵەمە موتوربەی پۆلە بێ بەهاکان بە پۆلی بەهادار. ٥- لە کاتێك دا پەڕێنەر نەبێت ، لێرەدا بەشێك لە پۆلی درەختە نەزۆکەکە بە پۆلێکی پەڕێنراوی چاك ، موتوربە دەکەین. - بنەماکانی سەرکەوتنی قەڵەمە موتوربە:- ١- پێویستە هەر یەك لە بنەڕەتی موتوربە باش یەك بگرن . ٢- پێویستە بڕین ڕێك و پێك و بە ئامێری تیژ و خاوێن بێت ، هەروەها بەستنی توند و پتەو سەرکەوتنی کارەکەمان مسۆگەر دەکات. ٣- پێویستە هەر قەڵەمێك زیاد لەیەك گۆپکەی لەسەر بێت ، گۆپکەکەی خوارەوەش نزیك بێت لە شوێنی بڕینی سەر بنەڕەت. ٤- دەبێت برینەکانی سەر دەرەخت لە کاریگەری ئاو و هەوا بپارێزین بەوەی بە مێوی تایبەت سواخ بدرێت ، یان لە دوای بەستن سواخ بدرێت. ٥- لەکاتی حەسانەوەی درەخت ، قەڵەم وەردەگیرێت ، بە مت بوویی هەڵیان دەگرین هەتا کاتی قەڵەمە موتوربە لە کۆتایی زستان دا.

جۆرەکانی قەڵەمە موتوربە بە گوێرەی ئەو بەشەی قەڵەمەکەی لێ وەردەگرین

١- قەڵەمە موتوربەی ڕەگ

ئەم ڕێگایە زیاتر بۆ زۆرکردنی سێو و هەرمێ بەکاردێت ، بەوەی بەشێکی ڕەگ یان هەمووی وەك بنەڕەت بەکاردێت ، قەڵەمێکی (١٠ – ١٥) سم درێژ لە لقێکی یەك ساڵە وەردەگرین و لەسەر ڕەگەکە بە یەکەوەی دەبەستین ، ئەم جۆرە لە زستان دا دەکرێت ، بە دوو شێوەش :- أ‌- قەڵەمە موتوربەی ڕەگی شێوە قامچی: ڕێگایەکی باوە، بەتایبەتی بۆ بنەڕەتی لاواز ، کە تیرەیان لە ٢ سم کەمترە لە سەرەتا لووتکەی بنەڕەتەکە (ڕەگەکە) بە درێژی (٣)سم بە شێوەی لار دەبڕین ، پاشان قەڵەمەکەش بە هەمان شێوەی دەبڕین ، بەمەرجێ لایە بڕاوەکان چینی کامبیومیان بکەوێتە سەر یەك بە شێوەیەکی ڕێك ، ئینجا بەهۆی پەتی ڕاڤیاوە ، بەیەکیان دەبەستینەوە و بە شەمێ کەلێنەکان سواخ دەدەین . ئینجا ڕەگەکە و هەندێ لەقەڵەمەکە لەناو خۆڵدا دەشارینەوە و بەردەوام ئاوی دەدەین تاکو باش گەشە دەکات ، دوای پێکەوە نووسان دەکرێ پەتەکە ببڕدرێت . ب‌- قەڵەمە موتوربەی ڕەگی زمانەیی: موتوربە و بنەڕەتەکە بەهەمان شێوەی پێشوو دەبڕین ،لەگەڵ بڕینێکی دی لەسەر سێیەکی سەرەوەی بڕینی پێشووی هەریەك لە موتوربە و بنەڕەت ،کە بەشێوەی زمانەیی دەبێت یان وەكو پیتی (n) ی لاتینی لێ دێت. لێرەدا بەهۆی ئەو زمانە، بنەڕەت و موتوربە توند بەیەکەوە دەچەسپێن . ئینجا بە پەتی ڕاڤیا توند بەیەکیانەوە دەبەستین و بە مۆمیش سواخی دەدەین، بۆ ئەوەی هیچ هەوایەك نەکێشێ ، ئینجا وەكو ڕێگای پێشوو لەناو خۆڵ دەیشارینەوە و ئاوی دەدەین.

٢- قەڵەمە موتوربەی بنکەیی

ئەم جۆرە ، لە بنکەی ئەو درەختانەدا دەکرێت کە دەمانەوێت پۆلێکی کۆن بە پۆلێکی نوێ بگۆڕین ، وەکو کە لە ترێ دا دەکرێت . پۆلە کۆنەکە هەتا ئاستی زەوی دەبڕینەوە ، ئینجا لقە بڕاوەکە لەسەر بنکی قەدەکە دادەنێین و ب پەتی ڕاڤیا توند بەیەکیانەوە دەبەستین ، بە مۆمیش سواخی دەدەین ، دواتر بە بەرزی (٥) سام خۆڵی بەسەردا دەکەین.

٣- قەڵەمە موتوربەی لووتکە

ئەم ڕێگایەش بۆ گۆڕینی پۆلی کۆن بە پۆلی نوێی سیفات باش بەکاردەهێنرێت . ئەستووری ئەو لقەی دەمانەوێت بیگۆڕین ، دەبێت لەنێوان (٧،٥ – ١٠ )سم بێت . لەساڵی یەکەم دا نیوەی دەگۆڕین ، لەساڵێ دووەمیش دا نیوەکەی دیکەی دەشکرێ هەمووی لەساڵی یەکەم دا بگۆڕین. قەڵەمە موتوربە بە گوێرەی شێوەکەی لەسەر قەد :- ١- قەڵەمە موتوربەی قامچی: بە ئاسانترین و باوترین ڕێگا دادەنرێت ، بەتایبەتی بۆ ئەو بنەڕەتانەی کە ئەستووری قەدەکانیان لە (٣) سم تێپەڕ نابێت ، ئەو کاتەش ئەم ڕێگایە سەرکەوتوو دەبێت کە تیرەی موتوربە و بنەڕەت وەکو یەك بێت. لە سەرەتادا دێین سەری قەدە بنەڕەتەکە بە درێژی (٣) سم بەلاری دەبڕین ، سەری قەڵەمەکەش بەهەمان شێوە، بەمەرجێك هەردوو بڕینەکە تەخت و لووسبن ، ئینجا شوێنە بڕاوەکان لەسەر یەك دادەنێین و بە پەتی ڕاڤیا توند بە یەکیانەوە دەبەستین و بە شەمێش سوخای دەدەین . ٢- قەڵەمە موتوربەی زمانە: بنەڕەت و موتوربە بەهەمان شێوەی پێشوو دەبڕین ، ئینجا لەهەر یەك لە بنەڕەت و موتوربە بڕینێکی تر بەشێوەی زمان لە سێیەکی سەرەوەی بڕینەکانی تر دەیکەین ، پاشان بچنە ناویەك و دوایی بە پەتی ڕاڤیا توند دەیانبەستین و بە شەمێ سواخ دەدرێت. ئەم ڕێگایە بۆ قەڵەمە موتوربەکردنی ترێ ئاساییە لەسەر ترێی ئەمەریکا ، کە دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە مێشوولەی فلۆکسرا. ٣- قەڵەمە موتوربەی قڵیشەیی: سەرەتا قەدی بنەڕەتەکە بە کەتەر بەشێوەیەکی ئاسۆیی و ڕێك دەبڕین ، پاشان لە ناوەڕاستی ڕووە بڕاوەکە دا ، لە سەرەوە بۆ خوارێ بە قووڵی (٥)سم قڵیشێك درووست دەکەین ، ئینجا ئەو پەلانەی ئامادەکراون کە درێژیان (١٠) سم دەبێ لەسەری لای خوارەوەیان دوو ڕووی دەتاشین ، ئینجا قەڵەمێك لە سەرێکی قڵیشەکە دەئاخنین ، قەڵەمێکی تر لەسەرەکەی تری ، بە مۆمیش شوێنی قڵیشەکە پڕدەکەینەوە ، لێرەدا پێویستە بە پەتی ڕاڤیا و شریتی نایلۆن ناکات ، چونکە قەڵەمەکە لە ناو قڵیشەکەدا بە شەمێ تەواو گیر دەبێت . ئەم جۆرەی موتوربە لە ترێ ، زەردەلوو ، زەیتوون دا ئەنجام دەدرێت.

٤- قەڵەمە موتوربەی توێكڵ

ئەم جۆرەیان لە بەهار دا ، دەکرێ کاتێ توێکڵ بە ئاسانی لە دارك دەبێتەوە ، یەکەم جار قەدی بنەڕەتەکە لە نزیك ئاستی زەوی بەشێوەیەکی ئاسۆیی دەبڕین ، پاشان لەسەر تویکڵەکە درزێك دەکەین ، ئینجا قەڵيمی هەڵگیراو دەهێنین سەرێکی دوو تاشینی بۆ دەکەین ، یەکێکیان درێژ بۆ ناوەوە وە دووەمیان کورت بۆ دەرەوە . دواتر قەڵەم دەخەینە نێو درزەکە ، بەمەرجێك تۆزێك شوێنی بڕینەکە دیاربێت بە بزماری بچووك قەڵەمەکە گیر دەکەین ، بە شەمێش شوێنی بڕاو سواخ دەدەین ، ئەگەر قەدی بنەڕەتەکە ئەستوور بوو دەتوانین لە قەڵەمێك زیاتری لێ بدەین.

٥- قەڵەمە موتوربەی چارەسەر

ئەم ڕێگایە ئەو کاتە بەکاردێت کە قەدی ڕووەك لە ئاستی بەرزی(١-٢) مەتر دا تووشی خوران یان سووتان دەبێت ، لە کاتێك دا بەس توێکڵی سەرەوەی قەدەکە زیانی پێگەیشتبێت . بۆ ئەمەش دوو ڕێگامان لەبەردەست دایە: أ‌- قەڵەمە موتوربەی پرد: کاتێك قەدی درەختی بەتەمەن تووشی خوران یان سووتان یان هەر زیانێکی تر دەبێت ، لەڕەگی ساغەوە سەرووی شوێنی زیان لێکەوتوو ، کە ساغە لێرەدا جووڵەی ئاوگ کەم دەبێت لەنێوان ڕەگ و قەدە ساغەکە . بۆ چارەسەری ئەمەش ، شوێنی زیان لێکەوتوو پاك دەکەینەوە تاکو دەگاتە سەر شانە ساغەکان ، پاشان بۆیەی ڕۆنی یان بە ماددەی بۆردۆ ، سواخی بەدەین دواتر چەند قەڵەمێکی ئامادە دەهێنین ، کە لە لقی تەمەن یەك ساڵەوە وەرگیرابن ، درێژی هەر قەڵەمێك هەند و نیوی شوێنە پاك کراوەکە (زیان لێکەوتووەکە ) بێت . ئینجا هەردوو سەری هەر قەڵەمێك دەتاشین ، ئینجا دوو درز یان کون لەسەر توێکڵی قەدەکە دەکەین ، یەکێکیان لە سەرووی شوێنی زیان لێکەوتوو ئەوی تریان لە خوارووی شوێنی زیان لێکەوتوو ، هەرقەڵەمێك بەم جۆرە سەری تیژ کراوی لە قەدەکەدا دەچەسپێنین ، بە بزماری بچووك سەری قەڵەمەکان لە قەدەکەدا پەیوەند دەکەین. دەشکرێ سوود لەو لقانە وەربگرین ، کە لە خوارووی شوێنە سووتاوەکە دا هەن و سەری گەشە کردوویان لەسەر ڕووی شوێنی زیان لێکەوتووەکە دەچەسپێنین. ئەم کارەدەبێت لەپێش بەهاربێت ئەگەر گۆپکە لەسەر قەڵەمەکان شین بوون دەیان بڕین ، لێرەدا ئەو قەڵەمانە کاری سۆندە یان بۆری دەبینن بۆ گواستنەوەی ئاو و خۆراك لە سەرەوە بۆ خوارەوە وە بە پێچەوانەشەوە . وە پاش ماوەیەك دەبینین ڕووەکەکە دەگەشێتەوە. ب‌- قەڵەمە موتوربەی پاڵپشت: ئەم ڕێگایە ئەو کاتە بەکاردێت کە درەختێك ڕەگەکەی نەخۆش بێت و نەتوانێت ئاو و خۆراکی تواوە بۆ قەدەکان بنێرێ . لێرەدا دەبێت لەتەنیشت درەختەکە دا قەڵيمی هەمان دەرخت یان تۆوی هەمان درەخت بچێنین پاش ئەوەی قەڵەمەکە ڕەگی تەواوی دەرکرد ، سەری قەڵەمەکە دەتاشین و بە هۆی درزێکەوە لە قەدی بنەڕەتەکەدا دایدەنێین و بە شەمێ سواخی دەدەین ، لەمەوە ڕەگی نەمامەکە ئاووخۆراك دەگەیەنێتە ڕووەکە بنەڕەتەکە و لە مردن ڕزگاری دەبێت.

٦- قەڵەمە موتوربەی پێوە نووساندن

ئەم ڕێگایە بۆ ئەو ڕووکانە بەکاردێت کە لقەکانیان ڕەقن بە ڕێگای دیکەی سەوزە زۆربوون سەرکەوتنیان کەمە وەکو ترێ ، مانگۆ ،....... هتد لێرەدا ڕووەکی بنەڕەت بە تۆو لەناو ئینجانەدا دەچێنین ، پاش گەشەکردنی تەواو لە شوێنێکی بەرز لە نزیك ئەو درەختەی دادەنێین کە دەمانەوێت موتوربەی لێ وەربگرین لە لقی هەردوو ڕووەکەکە بە درێژی (٥ – ٧) سم دەتاشین. پاشان شوێنە تاشراوەکان بە یەکەوە دەلکێنین و بەپەت توند بەیەکیانەوە دەبەستین ، ئینجا بە شەمێ سواخی دەدەین. لێرەدا هەردوو ڕووەکەکە لەسەر ڕەگی خۆیان گەشە دەکەن ، هەتا باش پێکەوە دەنووسێن کە نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت ، ئینجا ئەو لقەی وەکو موتوربە پێویستمان بوو ، لە ژێرەوەی پێکەوە نووساندنەکە دەیبڕین ، بنەڕەتەکەش لە لای سەرەوە.

٧- قەڵەمە موتوربەی دووانە

ئەم ڕێگایە بۆ چارەسەری ئەو دیاردەیە دەگونجێت ، کە هەندێك پۆلی ڕووەك لەگە ڵ هەندێك بنەڕەت دا ناگونجێن.بەهۆی پۆلێکی دیکەی نێوەندەوە بەیەکەوە دەگونجێن ، وەکو پۆلی هەرمێی هێردی دەبێتە نێوەند لە نێوان پۆلی هەندێ هەرمێی دیکە و بنەڕەتی کرۆسك دا، بەمە دەبێت گونجاندنێك هەبێت لەنێوان پۆلی نێوەند و بنەڕەت دا، هەروەها پۆلی نێوەند ا موتوربەش دا. .