ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕوو له‌زیادبوونه

picturepicture

ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕوو له‌زیادبوونه‌

كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، كه‌رتێكی‌ تاڕاده‌یه‌ك فه‌رامۆشكراوه‌، لانی‌ كه‌م ته‌نها له‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردووه‌وه‌ كاری‌ تێداكراوه‌. پێده‌چێت په‌راوێزخستنی‌ كه‌رته‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، هێشتا ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ژێرخانی‌ ئابووری‌ داته‌پیوه‌ و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی‌ بنیاتنانی‌ ژیانێكی‌ دیكه‌یه‌، ئه‌وه‌ش پێویستی‌ به‌وه‌ ده‌بێت زیاتر چاو له‌ پڕۆژه‌ی‌ گرنگتر ببڕدرێت كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ ڕاسته‌وخۆیان به‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ حكومه‌ت هه‌وڵده‌دات به‌رنامه‌یه‌كی‌ تۆكمه‌ی‌ بۆ كاراكردنی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ هه‌بێت، چ له‌ڕێگه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان و چ له‌ڕێگه‌ی‌ ڕاكێشانی‌ گه‌شتیار له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوه‌وه‌ی‌ كوردستان. به‌راوردكردنی‌ ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كدا، ڕاستییه‌ك ده‌رده‌خات به‌وه‌ی‌ تا دێت گه‌شتیاران زیاتر و زیاتر ڕوو له‌ كوردستان ده‌كه‌ن.
به‌پێی ئامارێكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، ساڵی‌ (2007)، ته‌نها (377,397) گه‌شتیار سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردووه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش دابه‌شده‌بێت بۆ (137,118) گه‌شتیاری‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و (186,420) گه‌شتیاری‌ ناوچه‌كانی تری عیراق و 53,859 گه‌شتیاری‌ بیانی‌، به‌ڵام ساڵی‌ (2008) ڕێژه‌كه‌ بۆ (558,860) گه‌شتیار هه‌ڵده‌كشێت كه‌ له‌و ڕێژه‌یه‌دا (190,230) گه‌شتیاری‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و (285,740) گه‌شتیاری‌ ناوچه‌كانی تری عیراق و (82,890) گه‌شتیاری‌ بیانی‌ له‌خۆده‌گرێت. ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ ساڵی‌ (2009)دا زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه‌، له‌و ساڵه‌دا (791,345) گه‌شتیار ڕوویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ (209,611) گه‌شتیاری‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و (449,193) گه‌شتیاری‌ ناوچه‌كانی تری عیراق و (132,541) گه‌شتیاری‌ بیانین. به‌و شێوه‌یه‌ قه‌باره‌ی‌ گه‌شتیاران ساڵ به‌ ساڵ ڕوو له‌ هه‌ڵكشان ده‌كات، به‌ جۆرێك كه‌ جیاوازی‌ نێوان ژماره‌ی‌ گه‌شتیاران له‌ ساڵی‌ (2007) به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ (2010) چه‌ندبار زیاتر ده‌بێت. له‌ ساڵی‌ (2010)دا، (1,313,841) گه‌شتیار ڕوویان له‌ كوردستان كردووه‌ كه‌ له‌و ژماره‌یه‌دا (329,536) گه‌شتیاری‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و (789,760) گه‌شتیاری‌ ناوچه‌كانی تری عیراق و (194,545) گه‌شتیاری‌ بیانی‌ بوون. به‌و پێیه‌ش هه‌ڵكشانێكی‌ زۆر له‌ قه‌باره‌ی‌ گه‌شتیاری‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌دیده‌كرێت. هه‌ڵكشانه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاستی‌ گه‌شتیارانی‌ ناوخۆ و گه‌شتیارانی‌ عیراقی و گه‌شتیارانی‌ بیانی‌ تۆماركراوه‌. ئه‌ندازیار مه‌وله‌وی‌ قادر وتی‌: "كاركردنی‌ حكومه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ و سه‌قامگیربوونی‌ باری‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم، كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردووه‌ له‌سه‌ر هاتنی‌ گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شاره‌زایانی‌ بواری‌ گه‌شتیاری‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌وڵی‌ به‌ بازاڕكردنی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاریی‌ كوردستان بدات، هه‌م له‌ڕێگه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌م له‌ڕێگه‌ی‌ كونسوڵخانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ جیهان له‌ ناوه‌وه‌ی‌ كوردستاندا. ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ ده‌كرێت، تائێستا په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ له‌ كوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان به‌گوێره‌ی‌ خواستی‌ سه‌رمایه‌داره‌كان جێبه‌جێده‌كرێن و ئه‌وه‌ش ناهاوسه‌نگییه‌كی‌ له‌ په‌ره‌پێدانی‌ گه‌شتیاری‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێم دروستكردووه‌. له‌ كۆی‌ (43) پڕۆژه‌ی‌ گه‌شتیاری‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ (2006)ه‌وه‌ تائێستا مۆڵه‌تی‌ جێبه‌جێكردنیان له‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان وه‌رگرتووه‌، (26) پڕۆژه‌ له‌ هه‌ولێر و (11) پڕۆژه‌ له‌ دهۆك و (6) پڕۆژه‌ له‌ سلێمانی‌ جێبه‌جێكراوه‌. پارێزگای‌ سلێمانی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری و خاوه‌ن كه‌شوهه‌وایه‌كی دڵگیره‌، كه‌مترین پشكی له‌ پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كاندا به‌ركه‌وتووه‌.
هێرش موحه‌ره‌م، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان، پێشتر ئه‌وه‌ی‌ ئاشكراكردبوو كه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شوێنی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌كانی‌ وه‌به‌رهێنان، ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ژێر ڕكێفی‌ سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیاكانه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ ژێر ڕكێفی‌ حكومه‌تدا نییه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌خشه‌یه‌كی‌ كاریان نییه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رته‌كان و هه‌ڵبژاردنی‌ جۆری‌ پڕۆژه‌ و پاشان شوێنگه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پڕۆژه‌كه‌. به‌ڕای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ گه‌شتیاری‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ دابڕژێت، ده‌توانرێت به‌ ئاسانی‌ هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان پارێزگاكان ڕابگیرێت له‌ ڕاكێشانی‌ گه‌شتیاردا.
كامه‌ران كه‌ریم شاره‌زای‌ بواری‌ گه‌شتیاری‌ وتی‌: "پێویسته‌ حكومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی‌ گشتگیر بۆ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێم دابڕێژێت، نه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌شتیاره‌ی‌ سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كات، ناچار بێت سه‌ردانی‌ دهۆك و سلێمانیش بكات". به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێم، پاڵپشتی‌ بۆچوونی‌ شاره‌زاكه‌ی‌ بواری‌ گه‌شتیاری‌ ده‌كات و جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ده‌مانه‌وێت كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستان په‌ره‌پێبده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی‌ قازانجی‌ گه‌شتیاره‌كان به‌سه‌ر ته‌واوی‌ پارێزگاكاندا دابه‌شببێت".، . . كامه‌ران كه‌ریم، پێیوایه‌ هه‌رچه‌ند سروشتی‌ هه‌ولێر و شاره‌كانی‌ دیكه‌ جیاواز بێت، به‌ڵام هێشتا جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ جیاوازی‌ له‌ ژماره‌ و قه‌باره‌ی‌ ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی‌ ڕوو له‌ هه‌ولێر و پارێزگاكانی‌ دیكه‌ ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ نه‌خشه‌یه‌كی‌ كار و پلانێكی‌ تۆكمه‌ دابڕێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ لانیكه‌م جۆرێك له‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان پارێزگاكان دروستبكرێت له‌ڕووی‌ ڕاكێشانی‌ گه‌شتیار و په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیارییه‌وه‌. ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی‌ ڕوو له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ڕووی‌ جۆرێتییه‌وه‌ جیاوازن، به‌شی‌ زۆریان له‌ شاره‌كانی‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی‌ عیراقه‌وه‌ دێن، ژماره‌یه‌كی‌ كه‌متریش كه‌ له‌نێوان سه‌دا (15 - 20)ی‌ كۆی‌ گه‌شتیارانی‌ هه‌رێم ده‌بێت، گه‌شتیارانی‌ بیانین و له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراقه‌وه‌ دێن. ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ قه‌باره‌ی‌ خه‌رجی‌ گه‌شتیاره‌كان جیاواز بێت. مه‌وله‌وی‌ قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا داتایه‌كی‌ ته‌واو له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ كۆی‌ گشتی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ستنیشان بكات له‌ ڕێگه‌ی‌ گه‌شتیارانه‌وه‌ دێته‌ هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام به‌ خه‌مڵاندنێكی‌ سه‌ره‌تایی‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گه‌شتیارێكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێم (ئه‌و گه‌شتیاره‌ی‌ له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی‌ عیراقه‌وه‌ دێت) خه‌رجییه‌كه‌ی‌ له‌ كوردستان (100 - 150) دۆلار و گه‌شتیارێكی‌ بیانیش خه‌رجییه‌كه‌ی‌ له‌سه‌رووی‌ (1000) دۆلاره‌وه‌ بێت. ئه‌و به‌رپرسه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی‌ له‌ شاره‌كانی‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی‌ عیراقه‌وه‌ سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كه‌ن، زیاتر به‌ره‌و هاوینه‌هه‌وار و سه‌یرانگا و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ سروشتییه‌كان دێن، به‌ڵام گه‌شتیارانی‌ بیانی‌ زیاتر سه‌ردانی ناوچه‌ شوێنه‌وارییه‌كان ده‌كه‌ن.

نووسینی
ره هيل سيوسيناني .