هەرێمەكانی ڕووەكە سروشتییەكان

هەرێمەكانی ڕووەكە سروشتییەكان

كوردستان لە پێنج هەرێمی ڕووەكی جۆراوجۆر پێكهاتووە، لێرەدا بە پێی زانیارییە بەردەستەكان باس لەو هەرێمانە دەكەین:
هەرێمی كوێستان /ئالبی
ئەم هەرێمە لە شوێنە هەرە بەرزەكانی چیاكاندا هەڵكەوتووە، لەو شوێنانەی كە پلەی گەرما نەوەكو هەر لە زستاندا، بەڵكو لە هاوینانیشدا زۆر نزمە و بەفرێكی زۆریشی لێ دەبارێت، بەشێوەیەك كە بەفرەكە پێڕاناگات بە تەواوی بتوێتەوە و دووبارە بەفر دەبارێتەوە، واتە لەو ناوچانەدا هێڵی بەفری هەمیشەیی هەیە. ڕووەكەكانی ئەم هەرێمە لە هەندێك گیا و دەوەنی قەد باریك پێكهاتوون، لەبەر نزمی پلەی گەرمییان داری لێ ناڕوێت، چونكە هەرێمە كوێستانییەكان بە لەوەڕگای جۆراوجۆر دەوڵەمەندن، ئەو گوندنشینانەی مەڕ و ماڵات بەخێو دەكەن، دوای تەواوبوونی لەوەڕ لە ناوچە دەشتایی و نزمەكاندا بۆ وەرزەكانی بەهار و سەرەتای هاوین، بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان ڕوو لەو هەرێمە دەكەن و نزیكەی (3) مانگ لە ناوچەكەدا دەمێننەوە، بەڵام پێش ئەوەی پلەی گەرما بە تەواوەتی نزم بێتەوە، بەرەو گەرمیانەكان دەگەڕێنەوە.
هەرێمی دارستان:
ئەم هەرێمە لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دایە و دەكەوێتە چوارچێوەی ناوچەی ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست، بارستایی بارانی ساڵانەی خۆی لە 100 ملیمەتر دەدات، لەم هەرێمەدا داری جۆراوجۆر دەڕوێت، بەڵام پلەی چڕییان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە، ئەو جێگایانەی كە كەوتوونەتە سەر ڕێگەی بای دەریای ناوەڕاست، واتە ئەو شوێنانەی ڕووبەڕووی باكانن، لە چاو شوێنەكانی دیكە داریان زیاتر لێ دەڕوێت.
هەرێمی دەو ئاوان:
دەو ئاوان جێگەی ڕواندن و سەوزبوون و گەورەبوونی داری (سوورە چنار، ئەسپیندار، دەردار، دەلفە، گوێز و ...هتد)ە، سوودی ئەم جۆرە دارانە لە لایەكەوە لە بەرەكانیان دایە و لە لایەكی دیكەشەوە لە بەكارهێنانیان دایە، بۆ دروستكردنی خانوو و سووتەمەنی بەكار دێن، بەڵام ئەوانەی لە سەر ڕێگەكاندا دەڕوێن بۆ پشوودان و حەوانەوەی خەڵكی لە هاویناندا كەڵكیان لێ وەردەگیرێت.
هەرێمی ئەستێپس:
ئەم هەرێمە بە شێوەیەكی گشتی لە باشووری ڕۆژئاواو ڕۆژئاوای كوردستاندا هەڵكەوتووە، ڕووەكەكانی بە زۆری لە هەندێك گیاو گۆڵ و ڕووەكی پیازی و حوشترخۆر پێكهاتوون، ڕووەكەكانی ئەم هەرێمە لە بەر جیاوازی گڵ و ئاووهەوا، بە تایبەتیش بەهۆی (بارانی ساڵانە و پلەی لەوەڕاندن و چەشنی كشتوكاڵ) هەمەچەشنەن، ڕووەكەكانی تەنك و كورتەباڵا و كەم تەمەنن و لەو جۆرە ڕووەكانەن كە لە بیابانەكاندا دەڕوێن، واتە توانای خۆڕاگرتنیان بەرامبەر بە بەرزی پلەی گەرما و بێئاوی و وشكی زۆرە، بەڵام ڕووەكەكانی لای ڕۆژهەڵات لەم جۆرە ڕووەكانەن كە لە هەرێمە دارستانییەكاندا دەڕوێن و پڕتریشن.
هەرێمی بیابانەكان:
ئەم هەرێمە لە ناوچەیەكی تەسكدا لە باشووری كوردستان هەڵكەوتووە، ڕووەكەكانی لەوانەن كە لە هەرێمی بیابانەكاندا دەڕوێن، لەم هەرێمەدا پلەی گەرما بەرزە و بارانیش كەم دەبارێت، بۆ ئەوەی ڕووەكێكی دیاریكراو بتوانێت بە تەواوی بڕوێت و داكۆكی لە بوونی خۆی بكات، پێویستە خاوەنی كۆمەڵە ڕەگێكی درێژ بێتن تا بە ناخی زەویدا قوڵ دابچێت و بە ئاسانی لە چینەكانی خوارەوەی ژێر زەوییەوە ئاو هەڵبمژێت. هەروەها دەبێت گەڵاكانی پان نەبن و تیژ بن، تاكو پرۆسەی ئاودەردان و بەهەڵمبوون كەمتر ببێتەوە. بە شێوەیەكی گشتی دابەشبوونی ڕووەكەكان لە سەر ڕووی زەوی هەرێمەكاندا، پەیوەندییەكی توندوتۆڵی بە فاكتەرەكانی دابەشبوونی ئاوی ژێر زەوی و ئاستی قووڵاییان و بارستایی باران و جۆری گڵەوە هەیە.

نووسین و ئامادەکردنی دیار

.