چەشنەكانی دار

چەشنەكانی دار

دارەكانی كوردستان لە 65%یان لە خێزانی دار بەڕوون، لە 20%یانیش لە خێزانی بنە (پۆستی و حشی.ف) (پیتی ف لێرە بە دواوە، بە واتای ئەوە دێت كە ناوی ئەم درەختە فارسییە و ناوە كوردییەكە ڕوون نییە) و لە 5%كەی دیكەش سەر بە بادامی كێوین (ئەرژن .ف). ئەوەیشی كە دەمێنێتەوە، لە پۆشاكی دارستانی جۆراوجۆر پێكهاتووە، لە كوردستاندا نزیكەی 70 جۆر داری بەردار و بێبەر هەیە، لێرەدا باسی هەندێكیان دەكەین:
1- بەڵاڵوك : دیمەنی بەڵاڵوك لە داری ئاڵوباڵو و گێڵاس دەچێت، بەرەكەی زۆر خۆش و مزرە، ڕەنگەكەی سوورێكی تۆخە. دەنكەكانی لە دەنكەكانی ئاڵوباڵو بچووكترە، باڵا و لقەكانی گەورە و بەرینن، ڕەنگی دارەكە سوورێكی بریقەدارە.
2- هەنجیر: دار هەنجیر زۆر جۆری هەیە، قەدەكەی 3-10 مەتر بەرزە و لقەكانیشی بڵاوە، گەڵاكانی پان و كەمێك ئەستوور و دڕە، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا هەیە.
3- ئوجا .ف: دارەكانی (ئوجا، گل پردار، سمد، وج ولی) كە هەموو ناوەكان فارسین، دارێكە توێكڵەكەی ڕەق و ئەستوورە، ئەم دارە لە دامێنی دارستانەكانی ناوچە كوێستانییەكان و قەراغ جادەكان دەڕوێت، بەرزایی قەدەكەی لە نێوان 2-20 مەتر دایە، لە كۆتایی مانگی (نیسان)ەوە هەتاكو مانگی (ئادار) بەر دەدات، درێژایی بەرەكەی 3 سانتیمەتر و پاناییەكەشی 1.5 سانتیمەترە.
4- بادام وەحشی .ف: داری بادام وەحشی، یاخود (ئەرژن .ف)، لە ناوچە ناوەندی و ساردەكانی كوردستان دەڕوێت، بەرەكەی ڕوون نییە و كەمێك تەڵخە، بەڵام ناوكەكەی شیرینە و بۆ خواردن بەكاردەهێنرێت. 5- بەڕوو: دار بەڕوو یاخود مازوو یاخود بەلوانە، بە شای دارستان ناسراوە، لە ناوچە ناوەندییەكاندا دەڕوێت دارێكی بە شكۆ و بڵندە، بەرزاییەكەی 35-40 مەتر دەبێت، ماوەی 500-2000 ساڵ دەژی. گەڵاكانی سەوز و بە ڕەونەقن، لە مانگەكانی (نیسان و ئادار)دا گوڵ دەردەكات، بەرەكەی هێلكەییە و لە نێو گەڵایەكی نیمچە ڕەق دایە، كە وەكو كڵاو وایە. لە كوردستاندا چەند جۆرە دار بەڕوویەك هەیە، كە باترینیان بەڕووی (خاسە)یە. دار بەرشووی سوودی زۆرە، گەڵاكەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەكاردەهێنرێت، بەرەكەی كە بە برا مازوو (گەلوان) ناسراوە، بۆ پیشەسازی پێستە خۆشكردن بەكاردەهێنرێت، دار بەڕوو هەروەها بۆ سووتاندن و كەرەستەی خانوو و بەڕە و كەلوپەلی ناوماڵ بەكاردەهێنرێت.
6- دار توو: ئەم دارە لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستاندا دەڕوێت، بەرەكەی شیرین و خۆشە و بە تەڕی و وشكی دەخورێت، گەڵاكەی بۆ خواردنی مەڕ و ماڵات بەكار دەهێنرێت. داری توو لەو شوێنانەدا كە ئاویان زۆرە هەتا 20 مەتر بەرز دەبێتەوە و ئەستووراییەكەشی دەگاتە یەك مەتر.
7- دار هەنار: دارێكی زۆر جوانە، گەڵاكانی شیلانی و مەیلە و سەوزە، بەرەكەی لە قووڵایی دەست گەورەترە، هەندێكیان توێكڵیان تەنكە، هندێكی دیكەشیان توێكڵەكانیان ئەستوورن. دەنكەكانی كە لە نێو ئەو توێكڵانە دان، سوورێكی تاریكن و بە پێستی تەنك داپۆشراون.
8- دار چنار: داری چنار قەدەكەی باریك و بڵند و جوانە و گەڵایەكی زۆری هەیە، لەبەر ئەوە دانیشتن لەبن سێبەرەكەیدا خۆشە، بەرەكەی خڕە و كەمەرەكەی 3-4 سانتیمەتر دەبێت. ئەم دارە لە نێوان بەرزایی 1500-2500 مەتردا دەڕوێت.
9- دار سماق (دارترش): یەكێكە لەو دارانەی كە لە هەرێمە بە ئاووهەواكانی دەریای ناوەڕاستدا دەڕوێت، دار ترش لە زۆر شوێنی كوردستاندا دەڕوێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكاندا بە باشی گەورە دەبێت. بەرەكەی هێشووییە و دەنكە دەنكەیە، پێستی دەرەوەی سەوزە و تامەكەشی مزرە، لەگەڵ خواردن و هەندێ لە سەوزەواتدا دەخورێت و تامێكی ترش بە خواردنەكە دەبەخشێت. گەڵاكەشی پێستەی پێ خۆش دەكرێت.
10- سنەوبەر: سنەوبەر دارێكی بەرزە و زۆر خێرا گەورە دەبێت و 30-40 جۆر سنەوبەر هەیە.
هەندێك لە دارەكانی دیكەی كوردستان، ئەمانەن، (شەهن، سپون، گزك، سربنچك، سنجو، هول، وێوڵ، دمكانا، بناوچ، تەلووك، شیلان، ئەرخەوان، گۆیژە زەردە، گۆیژە سوورە، گلاسگانە، تەمشك، گەڵە زەردە، گۆیژە ڕەشە، سورەچی، پەڕەك، تەورێزی، پەلەمی، بیمشك، ڕەشەكی، یترو، توی، گەز، تایلە، مەو و ...هتد).

نووسین و ئامادەکردنی دیار

.