ئاگر وەک هێمایەکی کۆنی کورد

ئاگر وەک هێمایەکی کۆنی کورد

سەرەڕای ئەوەیکە لە هەندێ لە ئەفسانە کۆنەکاندا باس لەوە دەکرێ کە ئەو رۆژەی مرۆڤ بۆ یەکەم جار ئاگری تێدا دۆزیوەتەوە، دەکەوێتە ئاخر شەوی زستان و یەکەم رۆژی نەورۆز و هەموو ساڵێک ئەو رۆژەی وەک رۆژێکی ئەگەر نەشڵێین پیرۆز لانیکەم سەیر و سەمەرە سەیر کردووە، بەڵام بە گشتی ئاگر لە باوەڕی کۆنی کوردەواریی خۆماندا هێمایەکی لە مێژینەیە. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام کوردەکان زەردەشتی بوون. ئەوان ئاگرپەرست نەبوون. بەڵکوو ئاگر بەلایانەوە وەک هێمایەکی پیرۆز پارێزراوە. هەر لە کۆنەوە مرۆڤ کە بیری لە پێکهاتەی جیهان کردووەتەوە، پێی وابوە کە ئەم جیهانە لە چوار توخم پێک هاتووە. 1ـ خاک 2ـ ئاو 3ـ با 4ـ ئاگر سێ دانە لەو چوار توخمە واتە، خاک و با و ئاو، پیس و ئالوودە دەبن. هەر سێکیان هێزی کێشەری زەوی رایاندەکێشێ. لەو نێوەندەدا ئەوەی نەک پیس و ئالوودە نابێت بەڵکوو شتە پیسەکانیشی پێ پاکژ دەکەنەوە، ئاگرە. ئاگر لەگەڵ ئەوەدا کە توخمێکی پاکژ کەروەیە، هێزی زەویش نەک پەلکێشی ناکات بەرەو خۆی بەڵکوو بەردەوام لە هەڵکشاندایە بەرەو ئاسمان. هەر لە کۆنی کۆنیشەوە هەتا ئێستاش کە مرۆڤ پێی وایە خوا لەسەر عەرشی عەزیم و لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەکانە و ئەوەش لە واقیعەی میعراجیشدا باسی دەکرێت، کە بۆ وێنە پێغەمبەری ئیسلام بە سواری باڵی بوڕاق بەرەو میعراج دەڕوات، ئەو باوەڕە بە بوونی خوا لە ئاسمان، شتێکی زۆر زۆر کۆنە. هەر بۆیەش هەڵکشانی بەردەوامی ئاگر وەک هێزێکی پاکژکەرەوە بەرەو ئاسمان نیشانەی هەڵچوونی رۆحی پاک و بێ خەوش و بێ تاوانە بەرەو سەرچاوەی خۆی واتە خوا.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەکێک لە بنەما باوەڕییەکانی ئایینی زەردەشت بوونی دوو هێزی دژ بە یەکە، واتە ئەهریمەن و ئەهورامەزدا. تاریکی هێمای ئەهریمەنە و رووناکی هێمای ئەهۆرامەزدایە. دەبینین، لە نێو چوار توخمە پێکهێنەرەکەی جیهاندا، سێیان تاریکن. تەنیا ئەوەی رووناکە، ئاگرە. ئاگریش بەردەوام لەگەڵ تاریکیدا لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە. هەروەک ئێستاش دەڵێن: ئەنگوستەچاوترین شەویش ناتوانێ تەنانەت تیشکی مۆمێک بشارێتەوە. ئاگر هێمای شەڕی دەسەڵاتی حەق و راستییە بەسەر تاریکی و دزێویدا. لە شێعری ئەو شاعیرانەشدا کە باری نەتەوەیی و بەرەنگارییان هەیە، ئەوە رەنگی داوەتەوە و هەمیشە، دەسەڵات بە شەوەزەنگ وەسف کراوە و لایەنی ئازادیخوازیش بە رووناکی و مزگێنیدەری رووناکی. بە گشتی بەپێی هەموو هێماکان نەورۆز کۆنترین جێژنی کوردە و لە کوردستانیشەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئاسیادا بەتایبەتی بە ناوچەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە و ئێستا زۆر گەل و نەتەوە هەن، خۆیان بە خاوەنی ئەو جێژنە دەزانن. لەو نێوەدا ئەوەی زیاتر لە هەموویان بە هێما و باوەڕی کۆنەوە لە جێژنی نەورۆزدا حوزووری هەیە و مۆرکە مێژوویی و کەونەکانی بە روخساری ئەو جێژنەوە دیارن، کوردە.

.