دوکان و پرسینەوە لە گەشتیاریی و وەبەرھێنان ‌ بێستون سابوراوایی‌

picturepicturepicture

دوکان و پرسینەوە لە گەشتیاریی و وەبەرھێنان ‌ بێستون سابوراوایی‌

شارۆچکەی دوکان یەکێکە لە قەزاکانی خۆرئاوای شاری سلێمانی، دەکەوێتە سەر زێی بچووک و خاوەنی دەریاچەو بەنداوێکی جوان و دڵفڕێنە، ھەڵکەوتەی شارۆچکەکەش شاخ و تەپۆلکەو دۆڵا و دەشت و ھەڵەتە، سنووری ھەر چوارلای شارۆچکەکە بۆ ئابووری گەشتیاری شیاوەو لە سەرچاوەیەکی بەکار نەھاتووی دەوڵەمەندی ئەو بوارەیە.
بەکارھێنانی وەک پڕۆسەیەکی وەبەرھێنان
-١لە سەروویەوە دەریاچەی دوکان و بەنداوی دوکان، کە دەکەوێتە باوەشی سنووری ھەردوو ناحیەی خدران و بنگردو درێژدەبێتەوە بۆ سنووری بیتوێن و پشدەر، جگە لە ھەبوونی سامانی ماسی خۆڕسک بۆ ھیچ جۆرە پڕۆسەیەکی وەبەرھێنان بەکارنەھێنراوە، کە ھەرتەنھا بۆ بیرێکی سادەی راگوزەر دەتوانین بڵێین گونجاوە بۆ:
١/١- پەروەردەکرنی جۆرەھا ماسی بەشێوازی پەروەردەی چاودێری کراو لەلایەن کەرتی تایبەت و حکومەتی ھەرێمەوە، جگە لەوەی دەکرێت بەرھەمە ئاوییەکانی تریش بۆ نموونە رۆبیان و ھاوشێوەکانی بەخێو بکرێت بۆ ساغکردنەوەی لەبازاڕی ناوخۆو دەرەوەدا.
١/٢ – ئەکتیڤکردنی ماستەرپلانی شاری گەشتیاری بناری کۆسرەت کە لەسەر دەریاچەی دوکان بنیات دەنرێت و چەندساڵێک لەمەوبەر دەزگاری گەشتیاری سلێمانی ئامادەی کردووە، ئەوەش پێویستی بە کۆنفرانسێکی تایبەت بەو ماستەرپلانە ھەیە، کە خاوەنکارانی ناوخۆو جیھانی تیایدا بەشداربن.
١/٣- بیرکردنەوە لە داڕشتنی ماستەرپلانێکی ھاوشێوە بۆ بەری بناری شاخی قەرەسەردو سنووری ناحیەی بنگردو شاخ و گردۆڵکەکانی ناوەڕاستی ئاوەکەو کردنەوەی ھێڵی گەشتیاری لەناو ئاوەکەو...ھتد. شوێنێکی گونجاوە بۆ چالاکی گەشتیاریی
-٢ لە خواروویەوە زێی بچووک(زێی دوکان) کە بەدرێژایی دەیان کیلۆمەتر دەڕواتە خوارەوە تاکو لەگەڵا رووباری دیجلە یەک دەگرێتەوە. لە خاڵی دوواوان لەسەرووی گوندی کڵیسە سنووری دوکان جێ دەھێڵێ و دەچێتە نێوان سنووری کۆیەوە ئاغجەلەرو چەمچەماڵا.
٢/١- لەم لایەوە ھەر لەبەردەم بەنداوەکەوە تاکو خاڵی دوواوان چەندین شوێنی گونجاوی ھەیە بۆ بەکارھێنانە جۆراوجۆرەکانی چالاکی گەشتیاری واتە لەخوار تۆڕبینەکانەوە تاکو نزیک گوندی سورقاوشان و شێخان. لەوانەش دەمەزراندنی تەلەفریک لەنێوان گوندی بانووان و گردی کارەباکە، دروستکردنی خانوو کابینەی ھەڵواسراو بەلاقەدی ئەمبەرو ئەوبەری زێ، پاشان رێکخستنەوەی رۆخی زێیەکە تاکو خانووی دکتۆرەکان و دروستکردنی کەپرە کۆشک و دوکان و بازاڕ لەسەر رۆخی زێ.
٢/٢- بیرکردنەوە لە دروستکردنی بەنداوێکی تر لەخاڵی دوواوان، کەسیمایەکی جوانتری گەشتیاری دەدات بە ئەمبەرو ئەوبەری زێ و سەرچاوەیەکی تریش دەبێت بۆ سامانی ماسی و شیاوە بۆ دامەزراندنی دوو شاری گەشتیاری لە ئەمبەرو ئەوبەری زێ، واتە بەری سارتکە و تەلان. سوود وەرگرتن لە گوندەکانی دەوروبەر
٢/٣- شارەوانی دوکان پڕۆژەیەکی زۆر باشی ھەیە بۆ پاک راگرتنی ئاوی زێیەکە کە شاری سلێمانی و دوکان و چەمچەماڵا و پیرەمەگرون سوودی لێ وەردەگرن ئەویش دروستکردنی دوو ئاوەڕۆی سندوقییە بە درێژای ھەردوو رۆخی زێیەکە لەئاستی دوکانی سەروو تا کۆتای خواروی قەشقۆڵی بۆ دەربازکردنی ئاوەڕۆکان و پاک راگرتنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارانەی ئاماژەمان پێدا، کە دەکرێت شۆستەی سەر ئاوەڕۆکان وەکو کۆڕنیش و رارەوی گەشتیاری سەر زێ سوودی لێوەربگیرێت.
٢/٤- کڕینەوەی زەوییەکانی سارتکەو تەلان لە خەڵکی ناوچەکەو بەکارھێنانیان بە مەبەستی گەشتیاری.
٣- خۆرھەڵاتی دوکان شاخی سارایە، پێویستی بەکاری ھەڵکۆڵین ھەیەو بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم دەکرێت دویان ئەشکەوتی گەشتیاری و تەلەفریکی تیا دروست بکرێ و سەر شاخەکەش ھۆتێل و کابینەو جومگەی تری گەشتیاری تیا دروست بکرێت، ھەروەھا خۆرئاوای دوکان و چیای کارەباکە بۆشاری گەشتیاری و شوێنی حەوانەوە گونجاوە. ھەموو وەرزێکی، بۆنی ئاوی دوکان تێکدەچێت کە زیاتر لەبۆنی گۆگردو فۆسفۆڕ دەچێت. لە وڵاتانی دنیا ئەو بۆنە چارەسەرکراوە، داوا دەکرێ حکومەتی ھەرێمداوای ھاوکاری لە وڵاتانی دنیا بکات کە ھەمان کێشەیان ھەبووەو چارەسەریان کردووە، چونکە ئەو بۆنە ئارەزووی سەردان و گەشت لەلای گەشتیاران لە سنووری دوکان کەمدەکاتەوەو ئەیانتۆرێنێ.

نووسینی بێستوون سابوراوایی .