دامەزراندنی پارێزراوی سرووشتی و پاراستنی ژیانی سروشتی

picturepicture

دامەزراندنی پارێزراوی سرووشتی و پاراستنی ژیانی سروشتی

پاراستنی سرووشت و ژیانی سرووشتی پێویستیەكی گرنگە بۆ هەموو سوچێكی جیهان.چونكە لە بەر پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیاو پەرە سەندنی چالاكیەكانی مرۆڤ و زۆر بوونی دانیشتوان و فراوان بوونی شوێنە نیشتەنیەكان لە سەر حیسابی سروشت و ژیانی سرو شتی و ژینگە بەگشتی.مرۆڤ لە پێناو دەسكەوتی ماددی زیاتر زێدەڕۆیی زۆر دەكات لەسەر بەكار بردنی سروشت و ژینگە بەجۆرێك كە قەیرانێكی زەق لەسەر سروشت و ژینگە بەرپا بووە و ژیانی سروشتی لەلایەن مرۆڤەوە خراوەتە ناو مەترسییەوە.دامەزراندنی پارێزراوە سرووشتییەكان یەكێكن لەو هۆكارانەی كە بەرگری لە هێشتنەوە و پاراستنی سروشت و ژینگە دەكەن، با لە ڕوبەرێكی سنورداریشدا بێت.لە زۆرێك لە وولاتانی جیهان بەتایبەت لە وولاتانی پێشكەوتوو پارێزراویسرووشتی دامەزرێنراون و گرنگە كە لە هەموو وولاتان دابمەزرێنرێن بە هەرێمی كوردستانیشەوە .بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ‌ دەست بە هەندێ‌ نموونەی سرووشت و ژینگەكەمانەوە بگرین و هەندێ‌ لە و رووەك و ئاژەل و بالندەی كیوی و هەندێ‌ پێكهاتەی ژینگەی وولاتەكەمان وەك كەهەن بیان پارێزین.لەناو پارێزراوە سرووشتیەكاندا و تەواوی هۆكارەكانی هاوسەنگی و پێداویستیەكانی ژیانی سرووشتی بەردەست بكرێن ، ئەمەش هۆكارە بۆ بەردەوامیی ژیانی سرووشتی.
دامەزراندنی پارێزراوی سرووشتی ئەمڕۆ لەكوردستاندا كاتی هاتووە و گرنگە چوونكە چەند ساڵێكە خەلكی كوردستان بواری ژیانی ئازاد و ئاوەدان كردن و پێشكەوتنی ژیانی بۆ ڕەخساوە و جموجۆلی خەلك شێوەیەكی فراوانی وەرگرتووە چالاكیەكانی پیشەسازی وكشتووكاڵی و ئاوەدان كردنەوە بەرەبەرە زیاتر دەبن.بۆیە پێش لەدەست دانی هەندێ‌ لە بواری رەخساوی ئەمڕۆ و قورس تر بوونی ئەم ئەركە لە دواڕۆژدا پێویستە هەرچی زووە هەنگاوی پراكتیكی بنرێن.دەكرێت هەندێ‌ لە سوودەكانی دامەزراندنی پارێزراوە سرووشتیەكان لەم خالانەی خوارەوەدا دیار بكەین.
1-لە پارێزراوە سرووشتییەكاندا سرووشت و ژیانی سرووشتی وپێكهاتە ژینگەییەكان وەك خۆیان دەپارێزرێن و بەردەوامی بە زیندەگی دەدرێت دوور لە دەست تێوەردانی خراپی مرۆڤ و هۆكارەكانی شێواندن و لەبار بردنی هاوسەنگی.بەڵكو كار بۆ رەخساندنی ژیانی سرووشتی و پاراستنی هاوسەنگی دەكرێت.هەرچەندە هەندێ‌ كارتێكەر لە دەورووبەری پارێزراوەكان كاری نەرێنی خۆیان دەبێ‌ لەسەر ئەو رووبەرە پارێزراوە سنوردارانە بەلام لە دەست بەردان لە ژینگەو سرووشت باشترە و پارێزراوەكان دەبنە نموونەی سرووشتی ژینگەی ناوچەكە.
2-پارێزراوی سرووشتی دەبنە ڕێگایەك بۆ پاراستنی ئەو ڕووەك و ئاژەل و باڵندە كیویانەی كە مەترسیی لەناوچوونیان لێ‌ دەكرێت،چ لە جیهاندا یان لە ناوچەكەدا.دەكرێت لەناو پارێزراوەكاندا شوێنی تایبەت بۆ ئەو رەگەزانەی كە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە بە جیا دروست بكرێن و هۆكار و پێداویستیی مانەوەیان بەردەست بكرێن و بە چڕی چاودێریی زانستییان بكرێن. بەمە دەتوانین لەدەرەوەی پارێزراوەكانیش بەپێی تاقیكردنەوەكانی ناو پارێزراوەكان ژیانی سرووشتی بپارێزرێت.بەبەردەست كردنی پێداویستییەكان و وەلانانی مەترسی و هۆكارەكانی لەناو چوون.
3-پارێزراوە سرووشتییەكان ناوەندی لەبار دەبن بۆ ئەنجام دانی لێكۆلینەوەی زانستی چوونكە لەوێ‌ هەمووشتێ‌ كە بابەتی لێكۆلینەوەن لە بارەی ژیانی سرووشتی و ژینگە بەردەستن،مەبەستمان دەست كەوتنی پێزانینی نوێیە لەسەر رەگەزەكانی ناو پارێزراوەكان و ئەمە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە لێكۆلینەكان لە شوێنی تر گرنك نەبن.هەر لەپێش دامەزراندنی پارێزراوەكانیش دەبێ‌ بە پێی لێكۆلینەوەی ووردو زانستییەكانەوە شوێنی گوونجاو و نموونەیی بۆ دامەزراندنی پارێزراوی سرووشتی دیار بكرێن و هۆ و خالە لەبارەكانیش بەڕاپۆرت و بەلِگەی زانستی دیار بكرێن.پارێزراوەكان دەبنە شوێنی لە بار بۆ شارەزا كردنی قووتابیانی خوێندنی بالا و خوێندنی تایبەت بە بواری ژینگە و سرووشتەوە بە شێوەیەكی كرداری و مەیدانی.
4-بەشێك لە پارێزراوەكان و لە ناوچەكانی نزیك سنووری دەرەوەی پارێزراوەكان دەكرێت جێگای وا بەردەست بكرێت كە هەندێ‌ لە زیندەوەران شوێنی گوونجاویان بۆ دابین بكرێن و ئاژەڵ و باڵندەكان هەست بەوە نەكەن كە بەند كراوون و پێداویستی ژیانی ئاساییان و خزمەت گووزاری تەندرووستییان بۆ دابین بكرێن، واش ڕێك بخرێن كە بواری تەواو هەبێت بۆ بینینیان لەلایەن ئەو كەسانەی كە سەردانی ئەو شوێنە دەكەن بەمەبەستی بینین.چونكە بۆ بینینی هەندێ‌ ئاژەڵ لە زۆربەی شارەكانی جیهاندا باخچەی ئاژەلان دامەزراوون و هەندێ‌ ئاژەل و باڵندە لە ئازادیی ژیان بێبەش كراوون.ئەمەش كارێكی نادادپەروەرییە كە دژ بە ئاژەلەكان و باڵندەكان بەتایبەت كیویەكان لەلایەن مرۆڤەوە پیادە دەكرێن..لەهەندێ‌ شوێن بە هەرێمی كوردستانیشەوە ژیانێكی وایان بۆ ئاژەڵ و باڵندەكان لە باخچەی ئاژەڵەكاندا نەرەخسێنراوە كە شایانیان بێت.چوونكە لە شوێنێكی بچووك و لەناو تەڵبەنددا بەند كراوون و كەس بەزەیی پێیانەوە نایە.بۆیە دەكرێت بەشێك لەو پارێزراوانە جێگرەوە بن بۆ باخچەكانی ئاژەلان.دەكرێت لە نزیك شارەكانیش پارێزراوی سروشتی بچووكتر هەبن،بەلام دوور لە واژەواژ درووست بكرێن و شوێنەكە وا نەبێت كە ئاژەڵ و باڵندەكان سرووشتی كیویاتی و ژیانی ئاساییان لەدەست بدەن و ژینگەیەكی شایستەی خۆیانیان بۆ بەردەست بكرێت.
5-پارێزراوە سرووشتییەكان دەبنە باشترین سەرچاوەی دابین كردنی ئاژەڵ و باڵندەی كیوی و تۆ و نەمامی ڕووەكەكان بۆ گواستنەوەیان بۆ ناوخۆی وولات و ناردنیان بۆ هەر شوێنێكی پێویست و مەبەست و پارێزراوە سرووشتییە تازە دامەزراوەكان.چوونكە رووبەری پارێزراوەكان سنوردار و دیاریكراوە دەبێ‌ ژمارەی ئاژەڵ و باڵندەكان دیاریكراو بێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە ژیانیان و سروشتی ناو پارێزراوە كە بۆ ئەوەی هاوسەنگی گشتی لەبار نەچێت.بۆیە ئاژەل و باڵندە زیادەكان دەبێ‌ بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر یان لەگەڵ زیندەوەری تری وولاتانی تر بگۆردرێنەوە كە لەلامان نین و ژینگەی ئێمەش لەبارە بۆ ژیانی ئاساییان یان بدرێنە پارێزراوی وولاتانی تر.
6-ئەگەر پارێزراوەكانمان مەرجی زانستی و جیهانییان تێدا بێت دەبنە ئەندام لە یەكێتی پارێزراوە سرووشتیە كانی جیهانی بەمەش هەڵێك دەڕەخسێت بۆ هاوكاری كردنی وولاتانی ئەندام بۆ هاوكاریی ماددی و زانستیی پارێزراوەكانمان كە دەبێتە دەسكەوتێكی گرنگ بۆ هەرێمەكەمان و پەیوەندییەكانمان بە جیهانەوە لە ڕووی ژینگەوەپتەو دەبن .
7- بەهۆی ئەم پارێزراوانەوە هەلی كار بۆ دەرچوانی بوارەكانی ژینگە دەرەخسێت و بەشێك لە بێكاری لە وولاتدا چارەسەر دەبێت و تایبەتمەدارانی ئەم بووارە لە بواری زانستی خۆیان كار دەكەن و دەبێتە هۆی شارەزایی زیاتری ئەوان لەم بوارەدا. لە هەرێمی كوردستاندا و لەبارەی پارێزراوەكان هەندێ‌ هەواڵ لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن كە بەڕاستی دل خۆشكەرن باس كراون بەلام ئەم هەنگاوانە لە باس و پێشنیار رەتیان نەكردووە،بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم دامەزراندنی پارێزراوە سرووشتییەكان بەهەند هەڵبگرێ‌ و بوار بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی كارەكان بپەڕنەوە بۆ جێبەجێكردن و لە پڕۆتۆكۆلی لەیەك كەیشتن بچنە پراكتیكەوە بۆ خزمەت كردن بە ژینگە و گەڕاندنەوەی ژیانی سرووشتی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لەكوردستاندا .
نووسینی باوکی ئاریان