شوانی و مێگەل

picturepicture

شوانی و مێگەل

شوانی لە کوردستاندا پیشەیەکی هاوشێوەیەو لە هەموو شوێنێکدا وەک یەک کاری خۆی دەکات ،ڕۆژانە بە پێ ی وەرزەکان لە کاتی تایبەتیدا شوان ڕان و مێگەل لە لایەکی ئاواییدا گرد دەکاتەوەو بەرەو چیا وشوێنی لەوەڕگاکان دەکەوێتە ڕێ. بۆیە دەڵیین بەپێی وەرزەکانی ساڵ چونکە لە وەرزی وادا دەبیت کە ماڵات شەوانە بە کەژەوە دەمێنێتەوە ، ئەمەش زیاتر لە مانگی نەورٶزدایە، کە شەواژٶ / شەوەکەژ دەست پێ دەکات. بە مەبەستی زیاتر لەوەڕاندن و قەڵەوبوون... تا بەرهەمی سپیایی پەچە وگەووڕ و بە ئارەزووی ئاژەڵەکە کەڵک لە لەوەڕە سروشتی یە کان وەردەگرێت، لەو کاتەوە تا مانگی گەڵاڕێزان چێشتەنگاو ڕان و مێگەل دێتەوە بۆ بێرە . دوای دۆ دۆشین ئیدی کارو بەرخی تێ دەکرێت و پاشان سارەما دەکرێت. واتە لە تەک دایکیا دەبرێت بۆ کەژ بۆ ئەوەی دایکیشی بمژێت و وردەوردە فێری لەوەڕیش ببێت. لە مانگی سەرما وەرزەوە کەمتر شەواژۆ دەکرێ، تەنیا بەیانیان ران لە پەچە دەردەکرێت و ئێوانیش دیتەوەو دەکریتەوە پەجە، لێرەشدا ئەوئاژەڵەی شیری تیا مابێت دەدۆشرێت ، بۆ شەوانەش شوان لە ناوەندی ڕانەکدا لە پەچەکەدا لەسەر هەرزاڵەکەی دەحەوێتەوە و چاودێری ڕانەکەش دەکات. پەچە زیاتر لە نزیک ئاووایی دروست دەکرێت ، ئەگەر گستی بێت ، بەڵام ئەگەر تایبەتی بێت ئەوا بەدەم ماڵی خاوەندارەکەوە دەکرێ، بەیانیان کە ڕان دەردەکەوێت بۆ شاخ پەچە پاک دەکریتەوە، و ڕیخ و پیسایی ی لێ دوور دەخرێتەوە لە کاتی شەواژوودا شوان نۆرەی لەگەل دەکرێت، واتە ئەوەی شەو بە کەژەوە بووە لەلای ڕان ، بەیانیاندێتەوە بۆ پشوودان و یەکێکی دی لە شوێنی دەچێت و بە رۆژ ئاگاداریی ڕانەکە دەکات، کە کاتی شەواژۆ بەسەر چوو ، ساردو سەرما دەستی پی کرد، داجانن دەست پێ دەکات ،واتە چەند سەعاتێ بەر لەدەرکردنی ئاسایی ی مەڕووماڵات، ڕانەکە دەدەکرێت بۆ مەبەستی زۆرتر لەوەڕاندن و دوورکەوتنەوەی لە ناو ریخ و پیسایی کە یارمەتی قەڵەق بوون و گەشەکردن دەدات، لەم بارەشدا هەر ئێواران ڕان دەگەڕێتەوە ، داجوانن لەوکاتەوە دەست پێ دەکات کە شەودرێژ دەبێتە و رٶژ کورت دەبێت کاری شوانی ئاسان نی یە ...جونکە بە درێژایی رۆژگار لەگەڵ مێگەلدایە و دەچێت بۆ دەشت ە دەر ،هەر لە بەیانی یەوە نان و نانەبەرە و شەکر و چا هەڵدەگرێ و دەکەوێتە ڕێ و گاڵۆکەکەی دەگرێ بە دەستەوە، شوان دەبێت زۆر ووریا بێ لە کارەکەییدا ، پارێزگاریی ماڵاتەکە لە دەعبا وگۆرگ بکا ،جگە لەوەی دەبێ بە شوێن لە وەڕی پاکژ و بژوێن دا بگەڕێ و لە کاتی خۆیدا مۆڵیان بدات، و بیانبات بۆ ئاوخواردنەوە هەروەها دەبێ ڕۆژانە ئەم شتانە ڕەچاو بکا. سەر لە بەیانی چێشتەخەو ئینجا بناوە لەوەڕ،پاشان سەرئاو، بۆ نیوەڕۆ مۆڵ دەدرێن دوای ئەمەش پاڵێنی ئێوارە، ئەمجا شێوکردنەوە تا دەکرێتەوە پەچەی شەو . شوان هەندێ جار کاتی خۆی بە شمشاڵ لێدان و گٶرانی وتن دەباتە سەر ،بانگ کردن و دانەپێش و لەوەڕاندن بە ووشەی عیوە، کە ئەم ووشەیەش بە پێ ی جیهازی پێکهاتنی دەنگەکان لە لای شوانەکان دەگۆڕرێت، واتە دەنگێکی چەسپاو نی یە لە کۆندا شوان جگە لە شەرتە شوانی نان چنینەوەشی کردووە ، هەروەها دەست خۆشانەی ئەوەشی وەرگرتووە کە کارو بەرخ لە دەشت زاوەو بەباوەشی خۆی هێناویەتەوە بۆ خاوەنەکەی .